پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکانی عێراق لەیەکەم کاتژمێری لێکۆڵینەوەدا دانیان بەچیدا ناوە؟

لە یەکەم کاتژمێری لێکۆڵینەوە لەو پەرلەمانتار و بەرپرسە عێراقیانەی لەسەر دۆسیەی گەندەڵیی دەستگیرکراون، بەشێکیان دانیان بە تۆمەتەکانیاندا ناوە، یەکێکیان بوراوەتەوە و پەرلەمانتارێکی دیکەش دووچاری مەینیی خوێن بووە.

نزیکەی 50 دەستبەسەرکراو کە زیاتر لە 12 ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و بەشێک لە راوێژکاری پێشووی حکومەت لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا راگیراون، کە لەلایەن دەستەی دەستپاکی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن لە ناوەڕاستی شاری بەغدا.

ئەوان لە دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵیدا دەستبەسەرن کە عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراقی تێدایە، کە دوای دەستگیرکردنی مانگی رابردوو دانی ناوە بەوەی بەرپرسانی دیکە تێوەگلاون لە مامەڵە و گرێبەستە گەندەڵییەکان، کە ملیۆنان دۆلاریان لێ وەرگرتووە.

بەگوێرەی سەرچاوە عێراقییەکانی ئاگادار لە دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوەکان، کە قسەیان بۆ رۆژنامەی ” العربي الجدید” کردووە، تائێستا دەستگیرکراوەکان لەژێر لێکۆڵینەوەدان و سەردانیكردنیان لێ‌ قەدەغەكراوە.

ئەو سەرچاوانە پشتڕاستیان کردووەتەوە، هیچ کام لە دەستبەسەركراوەكان روبەڕوی ئازاردانی جەستەیی و ترساندن نەبوونەتەوە، بەڵام زۆرینەیان لە چەند کاتژمێری یەکەمی لێپرسینەوەدا دانیان بە تۆمەتەکاندا ناوە.

جگە لەوەش دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەری گەڕان و پشکنینان بۆ مۆبایلەکانیان كردووە، ئەمەش بووە هۆی دۆزینەوەی زانیاری نوێ کە دەستگیرکراوەکان دانیان پێدا ناوە.

ئاماژەیان بەوە شکردووە، بەشێک لە دەستگیركراوەكان تووشی شۆک بوون، ئەمەش بووەتە هۆی هەرەسهێنانیان، بەجۆرێك یەکێک لە دەستگیرکراوەکان کە ژنە پەرلەمانتارێكە، بۆ جاری دووەم لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە و بێهۆش بووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ شوێنی دەستبەسەرکردنی تا هۆشی هاتووەتەوە، دەستگیرکراوێکی دیکە تووشی مەینی خوێن بووە، کە بە خێرایی لەلایەن پزیشکانی شوێنی دەستبەسەرکردنەکەوە چارەسەری بۆكراوە.

سەبارەت بە وردەکاری بارودۆخی دەستبەسەرکردنیان، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تەلەفزیۆنیان بۆ دانراوە، بەڵام ئیدارەی زیندانەكە کۆنترۆڵی ناوەڕۆکەکەی دەکات و سنودارە بە پەخشكردنی تەنها کەناڵێکی وەرزشی دیاریکراو.

لەلایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەكی نزیک لە سەرۆکایەتی پەرلەمان راگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بە تایبەتی دوای کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانان، بە فەرمی موسەنا سامەڕای و هیند عەباسی كە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کراون بە فەرمی دەگۆڕێن، لەڕێی پێشکەشکردنی داوایەک بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ گۆڕینان بە ئەندامانی دیکە، رەنگە دوای ئەوە بەیاننامەی فەرمی تریش دەربکرێت بۆ گۆڕینی ئەو پەرلەمانتارانەی دیکە کە تێوەگلاون لە دزییەکاندا.

Back to top button