
سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، وەڵامی حزبەکەی بۆ هاوپەیمانێتیەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ، ڕێکخستنی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانە.
ئەو سەرچاوەیە کە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە داوایکرد ناوی ئاشکرانەکرێت گوتی: پارتی دەیەوێت لەم هەفتەیەدا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ڕێکبخات، لەئێستادا سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێککارە یاساییەکانە.
لەبارەی ئەوەی چۆن بەبێ سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان پارتی دەتوانێت ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامبدات، سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی: ئەو بابەتە بەشێکە لە هەوڵە یاساییەکانی پارتی بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسی، ئەوەی تا ئێستا لەبەردەم پارتیدا ڕێگر بووە تێکنەچوونی زیاتری دۆخی هەرێمە، بەڵام کۆبوونەوەی پەرلەمان وەڵامێکە بۆ ئەو هاوپەیمانێتیە، چونکە ئەوان هەرچەندە بانگەشە دەکەن کە خاوەنی 41 کورسین، بەڵام هێشتا ناتوانن کۆبوونەوەی پەرلەمان ڕێکبخەن.





