
بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی ئەنقەرە بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بۆ سەردانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بۆ تورکیا و کۆبونەوە لەگەڵ هاکان فیدان و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە.
لەبارەی وادەی سەردانەکە ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر ئەوەی ئاشکراکرد، هەرکاتێک ئامادەکارییەکان تەواو بوون بافڵ تاڵەبانی سەردانی ئەنقەرە دەکات.
دەربارەی ئەجێندای سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ تورکیا کورد مۆنیتەر زانیویەتی، پرسی وەبەرهێنان و وزە و گازی سروشتیی، لەپێشینەی گفتوگۆکانی یەکێتی و تورکیا دەبن، لەپاڵ ئەوەشدا پرسی پەکەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکانی بافڵ تاڵەبانی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا.





