زەیدی بە توندی داواکارییەکانی ئێران بۆ لێخۆشبوون لە چەند بەرپرسێکی گەندەڵ ڕەتدەکاتەوە

رۆژنامەی “شەرقولئەوسەت” لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشكرایكردووە، حکومەتی عێراق داواکارییەکانی ئێرانی رەتکردووەتەوە بۆ لێخۆشبوون لە هەندێك لەو کەسانەی كە لە لیستی دەستگیرکردنی دادوەریدا پەیوەست بە لێکۆڵینەوەکانی گەندەڵی ناویان هاتووە، هاوكات داواشی لە تاران کردووە کەناڵە دیپلۆماسییە فەرمییەکان بەکاربهێنێت بۆ رێکخستنی سەردانی بەرپرسانی ئێران، کە وا راهاتوون بە نهێنی بێن و کۆبوونەوەی نهێنی لە بەغداد ئەنجام دەدەن.

ئەم پێشهاتانە و بڕیارە تووندەکانی بەغدا، دوای سەردانێک هاتووە کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لەم چەند رۆژەی دوایدا دوای سەردانەكەی عەباس عێراقچی، بە نهێنی هاتووە بۆ عێراق.

رۆژنامەكە دەڵێت، ئەو دوو بەرپرسە ئێرانییە هەوڵیان داوە گۆڕانكاری لە پلانی كۆكردنەوەی چەک بكرێت، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق رۆژی 30ی ئەیلولی وەک دوا وادە بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت دیاریکردووە، هەروەها داوای لابردنی ناوی ئەو بەرپرس و کەسایەتییە سیاسی و حکومییانەيان كردووە کە لیستی داواكراوان بە تۆمەتی گەندەڵ ناویان هاتوووو پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران هەیە.

بەوتەی یەكێك لە سەرچاوەكان ، حکومەتی عێراق ئامادە نەبووە دەستکاری پلانەکانی بکات سەبارەت بە چەک و راوەدونانی گەندەڵكاران و تارانیان لەوە ئاگادارکردەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، بەغداد داوای پابەندبوونی بەرپرسانی ئێران بە کەناڵە دیپلۆماسییە فەرمییەکانەوە کردووە و رەتیکردووەتەوە کەناڵە فەرمییەکان تێپەڕێنرێت و دیدار یان کۆبوونەوەی نهێنی ئەنجامبدرێت، وەک ئاماژەیەکی دیار بۆ سەردانەكانی قائانی بۆ عێراق.

لای خۆیەوە، ڕاوێژکارێکی باڵای سیاسی لە بەغداد ڕایگەیاندووە، حکومەتی عێراق تارانی ئاگادارکردووەتەوە لە زەحمەتیی وەڵامدانەوەی ئەو داواکارییانەی کە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی عێراقن بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارەو ئەو چەکانەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکەن.

Back to top button