
چەند ڕۆژێکە باس لە بڕینی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر، دەرکەوت بەغدا 55 ملیار دینار دەبڕێت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی شەش لەنێوان 130 بۆ 140 ملیار دیناردایە، دەیانەوێت نیوەی ئەو داهاتە بۆ بەغدا بنێرن و بە ئەگەری زۆرەوە 65 ملیار دینار دەنێرن.
وەک سەرچاوەکە گوتی: سبەینێ سێشەممە بەغدا بریاری ناردنی مووچەی مانگی شەش دەدات بە لێبڕینی 120 ملیار دینار، لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی شەش نانێرێت، بۆیە ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت نزیکەی 55 ملیار دینارە.
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی مووچە لە حاڵەتی لێبڕینی داهاتی ناوخۆ ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: پێناچێت هاوشێوەی مانگەکانی دیکە لە سێ ڕۆژدا تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابەش بکرێت، بەڵکو کاتێکی زیاتری دەوێت. هاوکات نەیشاردەوە کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بەغدا نەکرێت، تاکۆتایی ساڵ “لێبڕینی داهاتی ناوخۆ” لە مووچە بەردەوام دەبێت، لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم پابەند نابێت بە ناردنی داهاتی ناوخۆ.





