
ئەمڕۆ 11 کەس بۆ شاهیدیدان لەسەر کەیسەکەی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد چونە بەردەم دادوەر لە دادگای سلێمانی، کورد مۆنیتەر وردەکاریی بابەتەکە بڵاودەکاتەوە.
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کورد مۆنیتەر، ئەمرۆ لە دادگای سلێمانی دادوەر سکاڵاکارانی کەیسەکەی د. عەبدولـلەتیف-ی بینیوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەبەردەم دادوەر شاهیدیان داوە 11 کەس بوون، بەشێکیان باسیان لەو گێچەڵانە کردووە کە لەلایەن د. عەبدولـلەتیفەوە بەرامبەریان کراوە، هەندێکی دیکەشیان شاهیدیان لەسەر گێچەڵەکان داوە.
وەک سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی: ئەو کەسانەی ئەمرۆ دادوەر بینیونی، پێشتر لەبەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانیدا وتەیان لێوەرگیراوە، هاوکات پڕۆسەی شاهیدیدانەکەی ئەمڕۆی دادگای سلێمانی چوار کاتژمێری خایاندووە و دادوەر وتەی ئەو کەسانەی جێگیر کردووە.
لەبارەی هۆکاری شاهیدیدان لەبەردەم دادوەر ئەو سەرچاوەیە گوتی: چونکە کەیسەکەی د. عەبدولـلەتیف ڕەگەزی سزایی هەیە، داواکاری گشتیی لەسەر بابەتەکە هاتووەتە سەر خەت. دەربارەی جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەلایەن د. عەبدولـلەتیفەوە ئەو سەرچاوەیە گوتی: بەهۆی ئەو دۆخەیە کە دوای کەیسەکە و بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆی دروستبووە.





