بەر لە سەردانەکەی زەیدی؛ وەجبەیەکی نوێی دۆلار لە ئەمریکاوە گەیشتە عێراق

ڕاوێژکارێکی حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، یەکەمین کاروانی دۆلاری کاش ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر ناردنەوەی دابوو، بە فەرمی گەیشتووەتە بەغدا، ئەمەش دوای ڕاگرتنی بۆ چەند مانگێک.

ئەو ڕاوێژکارە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند: “گەیشتنی ئەم کاروانە دوای زنجیرەیەک پەیوەندی و گفتوگۆی تەکنیکی و سیاسی نێوان بەغدا و واشنتن هات، کە تێیدا لایەنی عێراقی دڵنیایی داوە سەبارەت بە توندکردنەوەی چاودێریی بەسەر جووڵەی دۆلار و داخستنی ئەو دەروازانەی کە دەکرێت بۆ قاچاخچێتی دراوەکە یان گەیاندنی بەو لایەنانەی لەژێر سزاکانی ئەمریکادان، بەکاربهێنرێن”.

هەروەها گوتیشی: “دەستپێکردنەوەی ناردنی دۆلار پەیوەندیدارە بە سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن، چونکە پێمانوایە ئیدارەی ئەمریکا ویستوویەتی ئاماژەیەکی ئەرێنی بنێرێت بۆ حکومەتی عێراق، لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی کە دەستی بە جێبەجێکردنیان کردووە لە دۆسیەکانی چاکسازیی بانکی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قەتیسکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی لەنێوانیاندا لە پرسی ناردنەوەی دۆلار”.

ئەم پارە نێردراوانە وەک هاوکاریی ئەمریکا بۆ عێراق ئەژمار ناکرێن، بەڵکو بەشێکن لە داهاتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق کە لە ئەژمارەکانی بانکى یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرک دانراون، بەغدا بە کاش داوایان دەکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی، بەتایبەتی خەرجییەکانی گەشتکردن، چارەسەری پزیشکی و پێداویستییە بازرگانییەکان.

مەرجە توندەکانی ئەمریکا

لە ئێستادا زەیدی خۆی بۆ سەردانی واشنتن ئامادە دەکات و حکومەتەکەی هەوڵی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی متمانە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکادا دەدات، دوای قۆناغێک لە گرژیی و ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق.

چاوەڕوان دەکرێت لەم سەردانەدا باس لە دۆسیەکانی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، ڕێکخستنی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ واشنتن، ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی دۆلار و نەوت بکرێت، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی عێراق بەڕووی کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا لە کەرتەکانی وزە، پەیوەندییەکان و وەبەرهێناندا، کە ئەمانەش پێش گەیشتنی زەیدی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گفتوگۆی نێوان شاندەکانی عێراق و ئەمریکا دەستی پێکردووە.

واشنتن دۆسیەی دۆلار وەک یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی گوشار لەسەر بەغدا بەکاردەهێنێت، بەهۆی پشتبەستنی ئابووریی عێراق بە دۆلار و بوونی زۆربەی داهاتەکانی نەوت لەیەدەگی فیدراڵی ئەمریکا، ئەمەش توانایەکی گەورە بە ئیدارەی ئەمریکا دەبەخشێت بۆ چاودێریکردنی حەواڵەکان و سەپاندنی سنووردارکردن لە کاتی گومانکردن لە گواستنەوەی پارە بۆ ئەو لایەنانەی کە لەژێر سزادان.

Back to top button