
رێباز حەملان و دوو کاندید بۆ حکومەتی عێراق کە پەرلەمان متمانەی پێنەدان، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکردووە و لەنێو سکاڵاکانیان دەڵێن “نادروستیی هەبووە لە رێکارەکانی رەتکردنەوەیان”.
بە گوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، یەکشەممە، 12ی تەمووز یەکەم دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایانە دەکرێت، کە لە دژی سەرۆکی پەرلەمان پێشکەشیان کردووە، ئەوەش لەدوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی 15ی ئایاری پەرلەمان دا متمانەیان پێنەدرا.
سکاڵایەکیان لەلایەن رێباز حەملان، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تۆمارکراوە، کە تێیدا داوای لە دادگا کردووە رێکارەکانی دەنگدان و ئەو ئەنجامانەی لەلایەن پەرلەمانەوە راگەیەنراون بە نادروست دابنرێن و دەنگدان بەو کاندیدە لەناو پەرلەمان دووبارە بدرێتەوە؛ هەروەها داوای کردووە تۆماری تەواوی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان پێبدرێت، کە تێیدا دەنگدانەکە کراوە.
14ی ئایار دەنگ لەسەر 14 بەربژێری کابینەی حکومەت درا، کاندیدی نۆ وەزارەت مابوون کە بەگوێرەی پەرلەمانی عێراق، کاندیدی چوار وەزارەتیان لە دەنگداندا رەتکرانەوە و متمانەیان وەرنەگرتووە.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، تێبینییان لەسەر شێوازی دەنگدان بەو کاندیدانە هەیە و لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانە، دیمەنی کاتی دەنگدانەکە دەنێردرێت بۆ دادگای فیدراڵی.
عامر خوزاعی، کە لە هەمان دانیشتندا وەک کاندیدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رەتکرایەوە، یەکێکی دیکەیە لە سکاڵاکاران.
خوزاعی کە لەسەر پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بوو، لە سکاڵاکەدا داوای کردووە رێکارەکانی دەنگدان پێی لە پەرلەمان بە نادروست دابنێت.
سکاڵای سێیەم لەلایەن قاسم عەتا، کاندیدی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ تۆمارکراوە، کە لەکاتی دەنگدان بە متمانەدان پێی، وەک رەتکراوە رانەگەیەنرا، بەڵام پەسەندیش نەکرا.





