ئەمریکا لە ئاسمان و زەوی هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە

ئەڵمانیا دوای پەیامێکی ئەمریکا، بڕیاریدا هێزەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە، کورد مۆنیتەر وردەکاریی بڕیارەکەی ئەمریکا بڵاودەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی تایبەت بە کورد مۆنیتەر ئاشکرایکرد، ئەمریکا بە فەرمی بە ئەڵمانیای ڕاگەیاندووە، لە هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانیش لەگەڵ هێزەکانیان دەکشێنێتەوە، ئەو بڕیارەش ئەڵمانیەکانی ناچارکردووە سەربازەکانیان بکشێننەوە.

وەک ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: پێشتر ئەڵمانیا بەهۆی سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئەمریکاوە گەرەنتی سەلامەتی سەربازەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستان کردبوو، بەڵام بە کشانەوەی ئەمریکا ئەو گەرەنتیە بوونی نامێنێت، هەربۆیە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاگادار کردوەتەوە، کە هێزەکانیان لە خاکی هەرێمی کوردستان دەکشێننەوە.

سەرچاوە باڵاکەی کورد مۆنیتەر ئەوەشی ئاشکراکرد، ڕۆژی دووشەممە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات، لەوێ گفتوگۆ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت، هێشتا دیار نیە ئاخۆ ئەیلول دوا وادەیە بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، یان وادەیەکی دیکە دیاریدەکرێت.

Back to top button