
عێراق رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت دەداتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بە نوسراوی فەرمی بە بەغدای گوتوو، ئەوە بڕە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی هەرێمی کوردستان زۆر کەمە و پێداویستی ناوخۆ پڕناکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە گورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق پشکی بەنزینی هەرێمی کوردستان لە 50 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بکاتە 65 هەزار بەرمیل، بەنزین هەرزان دەبێت.
بەگوێرەی ستانداردی نێودەوڵەتی، 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 900 هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەم دەهێندرێت. وەک سامانە سروشتییەکان دەڵێت: ئەوەش بەشی هەرێمی کوردستان ناکات.
تا ئێستا حکومەتی عێراق بە فەرمی وەڵامی ئەو داواکارییەی هەرێمی کوردستانی نەداوەتەوە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا سكاڵایان لە ناردنی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ هەرێمی کوردستان کردووە.





