
تورکیا تانەکەی لەبەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس دۆڕاند، دوای ئەوەی هەوڵیدا لەڕێی ئەو تانەیەوە بڕیارێکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی عێراق سەبارەت بە پڕۆژەی بۆری نەوتی خاو هەڵبوەشێنێتەوە.
دێنیس یاڤوز یەڵماز، پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری وردەکارییەکانی دۆسیەکەی ئاشکرا کردووە، کە بەوتەی ناوبراو حکومەتی تورکیا هەوڵی شاردنەوەی داوە.
رۆژنامەی “زەمان” توركی لە زاری یاڤوز یەڵمازەوە بڵاویكردووەتەوە، هەوڵەکانی تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەرەبووكە شكستیهێناوەو بەڵگەنامە فەرمییەکانيشی بڵاوکردووەتەوە.
یەڵماز رایگەیاندووە، حکومەتی ئاکەپە دۆسیەكەی پاریسی دۆڕاند، ئێمە بەڵگەنامەکانی ئەو بڕیارەمان دەستکەوت کە هەوڵیان دا بیشارنەوە، هەروەها بە دۆکیۆمێنت لەدەستدانی ئەو تانەیەمان سەلماند کە لەبەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریسدا تۆمارکرابوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەربووەی کە لەلایەن دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە سەپێندرابوو.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو سزایە بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەوەیە کە لەلایەن حکومەتەوە ئەنجامدرا سەبارەت بە بۆری نەوتی خاو لە نێوان عێراق و تورکیادا و ئێستاش توركیا ناچارە بە پێدانی یەک ملیار و 471 ملیۆن دۆلار قەربوو بە عێراق.
حکومەتی تورکیا پێشتر رایگەیاندبوو تانەیەکی لە پاریس تۆمار کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، بەڵام لێکۆڵینەوە و بەڵگەنامەکانی ئەم دواییە پشتڕاستیان کردۆتەوە دادگای فەرەنسا داواکارییەکەی تورکیای رەتکردووەتەوە و ئەو قەربو وە ى پشتڕاستکردووەتەوە کە بەسەر ئەنكەرەدا سەپێنراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە داواشیكردووە، ئەم بڕە پارە زەبەلاحە راستەوخۆ لە پارە و سەروەت و سامانی شەخسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە پارتی داد و گەشەپێدان کۆبکرێتەوە.





