
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە “کاتی ئەوە هاتووە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات”.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی “ئیرنا” ڕایگەیاند، پێویستە ئێران هەنگاو بنێت بەرەو بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی.
ئەحمەد بەخشایش گوتی: “پێموایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، چونکە باجی پێویستی داوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەنجامداوە؛ بۆیە دەبێت ئێستا بۆمبەکە دروست بکات”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حاڵەتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە گوتی: “مەگەر ئێستا کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی دژ بە ئێران نییە؟ ئەمریکا کە سەرکردەی جیهانی ڕۆژئاوایە، هەموو ڕۆژێک لەگەڵماندا لە شەڕدایە، 60 هەزار سەرباز و کەشتییە جەنگییە گەورە و بچووکەکانی و فڕۆکەهەڵگرەکانی لە دەریای عومان و زەریای هیندیدا بڵاوکردووەتەوە. کەواتە ئەم کۆدەنگییە پێشتر هەبووە، بۆیە، ژیان یەک جارە و مردنیش یەک جارە”.
هەڵوێستی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا ئێستا ئەوە بووە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە تەواوی ئاشتیخوازانەیە و هیچ نیازێکی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە. ئەم هەڵوێستە فەرمییە لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە بەستراوەتەوە بە فەتوایەکی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، کە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی حەرام کردووە.
سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی گوتی: “هیچ کام لەم دوو وڵاتە نایانەوێت بچنە ناو شەڕێکی درێژخایەنەوە لەگەڵ یەکتردا؛ چونکە ئەمریکییەکان تێگەیشتوون کە لە شەڕێکی درێژخایەندا، هەرچەندە زیان بە ئێران دەگەیەنن، بەڵام ناتوانن ژێرخانی ڕژێمی ئێران لەناو ببەن”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران ئەوەشی خستەروو: “ئێرانیش تێگەیشتووە کە ناتوانێت لە ناو خاکی ئەمریکادا گورز لەو وڵاتە بوەشێنێت، بەڵکو دەبێت لە ناوچەکەدا گورز لە ئەمریکا بوەشێنێت و شەڕەکە بکاتە شەڕێکی هەرێمی، کەواتە کاتێک شەڕەکە دەکاتە هەرێمیی، خۆی لەگەڵ شەش یان حەوت وڵاتدا تێوەدەگلێنێت، بۆیە لە ئێستادا هیچ کام لە لایەنەکان شەڕێکی درێژخایەنیان ناوێت”.
ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی ئەوەشی ڕوون کردەوە، تەوەرەی سەرەکیی ململانێی نێوان هەردوولا لە دۆسیەی ئەتۆمییەوە گواستراوەتەوە بۆ گەرووی هورمز و گوتی: “گەرووی هورمز ئامرازی هێزی ئێمەیە و دەبێت هەوڵ بدەین لە دەستی نەدەین و بیپارێزین”.





