
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، “پێویستە دەست بکات بە کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا و هەمان هەنگاویش لە لوبنان بنێت؛” ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” کە پشتی بە زانیاریی چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و ئیسرائیلی بەستووە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە نەتەنیاهۆ کردووە، هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی سووریا و لوبنان بکشێنێتەوە کە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندان.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی گوتووە، ترەمپ بە نەتەنیاهۆی گوتووە، بوونی سوپای ئیسرائیل لەناو خاکی سووریا بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی و دەکرێت دۆخەکە بەرەو تەقینەوە ببات. ترەمپ بە راشکاوی بە نەتەنیاهۆی گوتووە، “ئەوان ئێوەیان لەوێ ناوێت. دەبێت هێزەکانت بکشێنیتەوە.” هەروەها هەمان پەیامیشی بۆ باشووری لوبنان هەبووە.
لە بەرامبەردا، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، نەتەنیاهۆ جەختی لەسەر “پێویستیی هەبوونی ناوچەی ئارام لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل” کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی هاوشێوەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023.
ئەم گوشارە نوێیەی ترەمپ لە کاتێکدایە، تەنیا سێ مانگ بۆ هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ماوە، کە بۆ نەتەنیاهۆ وەک “مان و نەمان” وایە. چاودێران پێیان وایە نەتەنیاهۆ لەم کاتەدا هیچ هەنگاوێکی جیدی بۆ کشانەوە نانێت، چونکە بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانە تووندڕەوەکانی لە حکومەت نەک هەر دژی کشانەوەن، بەڵکو داوای دروستکردنی ئۆردوگای نیشتەجێبوونی جوولەکە لەو ناوچانە دەکەن.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە تەنیا یەک رۆژ دوای کۆبوونەوەی ترەمپ و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا لە ئەنقەرە دێت. ئیدارەی ترەمپ مانگانێکە هەوڵدەدات رێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان ئیسرائیل و سووریا واژۆ بکرێت، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی نەتەنیاهۆ نایەوێت سازش بکات، بەتایبەتی کشانەوە لەو ناوچانەی دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 ئیسرائیل دەستی بەسەردا گرتوون.
سەبارەت بە لوبنانیش، رۆژی سێشەممە نێوەندگیرانی ئەمریکا لە رۆما لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئیسرائیل و لوبنان کۆبوونەوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنێک. بەپێی ئەو رێککەوتنە، دەبێت ئیسرائیل لە دوو “ناوچەی ئەزموونی” لە باشووری لوبنان بکشێتەوە، تاوەکو سوپای لوبنان لەوێ جێگیر ببێت. ئەمەش وەکو تاقیکردنەوەیەک بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی دیکەش.
ئیسرائیل کشانەوەکەی دواخستووە بەو بیانووەی دەبێت دڵنیا ببێتەوە کە حیزبوڵڵا هیچ چەک و ژێرخانێکی سەربازیی لەو ناوچانەدا نەماوە، بەڵام لایەنی لوبنانی دەڵێت، دەبێت سوپای ئەمریکا بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدات و کاتێکی دیاریکراو بۆ کشانەوە دابنرێت.
کۆشکی سپی رەتیکردەوە لێدوان لەسەر ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بدات، بەڵام هەواڵەکەشی رەتنەکردەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە “ئەکسیۆس”ی گوتووە، “سەرۆک ترەمپ پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ نەتەنیاهۆ هەیە و ئیسرائیل هەمیشە هاوپەیمانێکی گەورە بووە. هیچ کەس هێندەی ترەمپ دۆستی ئیسرائیل و خەباتکار بۆ ئاشتی نەبووە.”





