
ڕێوشوێنە ئەمنییە توندەکانی پاراستنی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، بوونە هۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی ڕۆناڵد ڕیگن، بۆ چەند کاتژمێرێک و هەڵوەشاندنەوە و دواکەوتنی سەدان گەشتی دیکە.
لە ڕاپۆرتێکی تۆڕی “CBS News”ی ئەمریکیدا هاتووە: ڕۆژی سێشەممە، لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆوە تا نزیکەی 3ی دوانیوەڕۆ بە کاتی واشنتن، گەشتە بازرگانییەکان لە فڕۆکەخانەکەدا ڕاگیران و هیچ فڕۆکەیەک نە نیشتەوە نە بەڕێ کەوت؛ ئەمەش بەهۆی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی تایبەت بە جووڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پایتەختی ئەمریکا.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی “FlightAware” کە تایبەتە بە چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەم سنووردارکردنە بووەتە هۆی دواکەوتنی زیاتر لە 300 گەشت و هەڵوەشاندنەوەی لانی کەم 126 گەشتی دیکە، ئەمەش زنجیرەیەک کێشەی لە خشتەی گەشتەکانی یەکێک لە قەرەباڵغترین و توندترین کایە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا دروست کرد.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆشكی سپی و فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی بەردەوام زانیارییان دەربارەی کاتی جووڵەکانی زەیدی ئاڵوگۆڕ کردووە بۆ ئەوەی کاریگەریی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان کەم بکەنەوە. لەو ماوەیەشدا ڕێگە بە هەندێک لەو فڕۆکانە درا بنیشنەوە کە لە ئاسماندا چاوەڕێ بوون، هەروەها ڕێگە بە هەندێکی دیکەش درا لەسەر زەوییەوە بەڕێ بکەون.
هاوکات فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی و وەزارەتی گواستنەوەی ئەمریکا ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر هۆکاری ئەم شڵەژانە یان سروشتی ئەو هەڕەشە ئەمنییانە بدەن کە بوونە هۆی ڕاگرتنی گەشتەکان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی زەیدی لە کاتژمێر 1:30ی دوانیوەڕۆدا کۆشکی سپیی بەرەو بارەگای وەزارەتی جەنگی ئەمریکا جێهێشتووە، کە ئەمەش درەنگتر بووە لەو کاتەی بۆی دیاریکرابوو. لە کاتی تێپەڕبوونی کاروانەکەشدا، هەلیکۆپتەرێک بەسەر ئاسمانی نزیک فڕۆکەخانەکەدا دەسووڕایەوە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی لە زەیدی کردبوو؛ ئەمەش یەکەم سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو بۆ واشنتن لە دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی ئایاری ڕابردوودا.
ترەمپ کاتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زەیدی درێژ کردەوە و بانگهێشتێکیکرد بۆ نانی نیوەڕۆ و ڕاشیگەیاند کە کۆبوونەوەکە نیشانەی هەبوونی “تەبایی و لێکتێگەیشتنێکی گەورە”یە لە نێوانیاندا، ئەمەش بووە هۆی گۆڕینی خشتەی شاندە عێراقییەکە و دواکەوتنی ڕۆیشتنیان بەرەو وەزارەتی جەنگ.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم ڕێوشوێنە ئەمنییە توندانە لە کاتێکدایە کە چوار مانگە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، هاوکات مەترسیی ئەوەش هەیە کە ئێران یان لایەنە پەیوەندیدارەکانی، ئۆپراسیۆن لە ناوخۆی ئەمریکادا ئەنجام بدەن. جگە لەوەش، دوابەدوای هەوڵەکانی تیرۆرکردنی ترەمپ، هۆشدارییە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
ئاسمانیی دەوروبەری فڕۆکەخانەی ڕۆناڵد ڕیگن لە ساڵی 2025ەوە لەژێر سنووردارکردنێکی تونددایە، ئەوەش دوای ڕووداوێکی پێکدادانی ئاسمانی لە نێوان فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری هێڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی جۆری “بلاک هۆک” کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 67 کەس، و لەو کاتەوە یاسای نوێ بەسەر ڕێڕەوی فڕۆکەوانیی لە نزیک فڕۆکەخانە و وەزارەتی جەنگ دا جێبەجێ دەکرێت.





