
لە ئیسرائیل هەڵسەنگاندنی باوەڕپێکراو هەن کە ئاماژە بەوە دەکەن ئێران لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەدایە، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تەلئەبیب بۆ سەر تاران.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا بە تەنیا هێرشی سنووردار و خێرا، بەڵام بەرفراوان لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باشووری ئێران ئەنجام دەدەن.
یۆنی بن مێناحم، توێژەری ئەمنی دیار، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14ی عیبری ڕایگەیاند: “ئێرانییەکان بەهۆی ئەگەری هێرشێکی کوشندەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردایەتی و دامەزراوەکانی وزە دوودڵن، بۆیە پێیان باشترە ئاراستەی هێرشەکانیان بەرەو بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو بێت، نەک دژی ئیسرائیل”.
بن مێناحم لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گوتی: “دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا درک بەوە دەکات کە لە ڕووی سەربازییەوە هیچ چارەسەرێکی بۆ گەرووی هورمز نییە. تاکە ڕێگە ڕووخاندنی ڕژێمی ئێرانە، ئەویش نایەوێت ئەمە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا بکات”.
ئەو جەختیشی کردەوە کە “ئەزموون سەلماندوویەتی هەر ڕێککەوتنێک بکەن پێشێلی دەکەن، بینیمان چی بەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 هات کە ترەمپ خۆی لێی کشایەوە.. کەواتە ئەو تەنها هەوڵ دەدات بە جۆرێک لە جۆرەکان کات بکوژێت بۆ ئەوەی بە کەمترین زیانەوە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم بێتە دەرەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جەماوەریبوونی پاشەکشەی کردووە”.
بن مێناحم پێی وایە “ئەگەر ترەمپ تا کۆتایی لەگەڵ ئێران نەڕوات و نەتوانێت ڕژێمەکە بڕوخێنێت، هیچ ئامانجێک ناپێکێت، تەنانەت ئەگەر هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزیش بدات”.
ڕوونیشی کردەوە کە “ئەمە کێشەکە چارەسەر ناکات، چونکە ئێرانییەکان خاوەنی هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن و هەمیشە دەتوانن لە دوورەوە ئاراستەیان بکەن. تەنانەت ئەگەر ترەمپ گەرووی هورمزیش کۆنترۆڵ بکات، ئەوان دەتوانن درۆنەکان بتەقێنن و لەو کەشتیانە بدەن کە دەیانەوێت بە گەرووەکەدا تێپەڕن، بەمەش ئەم هەڕەشەیە بە هەمیشەیی دەمێنێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئێرانییەکان ئەمە دەزانن، بۆیە بە تەواوی هێزیانەوە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەچن، ترەمپیش لێرەدا تا ڕادەیەک تەمومژ دروست دەکات لەگەڵ ئەم هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە، بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە باش دەزانێت کە هیچ چارەسەرێکی بۆ گەرووی هورمز نییە تەنانەت ئەگەر کۆنترۆڵیشی بکات، تاکە چارەسەر ڕووخاندنی ڕژێمی ئێرانە، ئەمەش دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم دەکرێت”.
بن مێناحم لە کۆتاییدا گوتی: “ئێستا ئەوەی لێرەدا دەیبینین شەڕێکی بچووکە لە ناو شەڕە گەورەکەدا.. شەڕە بچووکەکەش کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزە”.
هەروەها گوتیشی: “ئیسرائیل لەم نێوەندەدا لە دەرەوەی هاوکێشەکەیە، چونکە ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە. هەروەها ئێرانییەکان زۆر دەترسن لە هێرشی نوێی ئیسرائیل، ئەوان دەزانن کە هێرشەکە سەرکردایەتییەکەیان و سەرچاوە و دامەزراوەکانی وزە دەکاتە ئامانج و رەنگە ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکە.. بۆیە ئەوان زۆر وشیارن”.





