ئێران دەیەوێت بە هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان چ پەیامێک بگەیەنێت؟

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لە نێوان بەغدا و هەولێر لە چوارچێوەی ژوورێکی هەماهەنگی هاوبەشدا پەیوەندییەکی چڕوپڕ بۆ هەڵسەنگاندنی سروشتی هێرشەکانی ئێران و میلیشیا عێراقییەکان ئەنجامدراوە، کورد مۆنیتەر لەزاری دوو سەرچاوەی باڵای سیاسی و ئەمنی زانیاریی نوێی دەستکەوتووە.

بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی کە قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد، جگە لە بەدواداچوونی زانیارییە هەواڵگرییەکانی پەیوەست بەو ئامانجانەی کە بۆردومان کراون و دڵنیابوونەوە لەو لایەنانەی کە ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجامداوە، هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی باڵا لە هەماهەنگیدان بۆ بڕیاردان لە هەنگاوەکانی داهاتوو.

سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتیشی: “هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییە سەرەتاییەکان ئەوە نیشاندەدەن تاران دەیەوێت پەیامی ئەمنی و سیاسی لە چەند ئاراستەیەکەوە بنێرێت، دیارترینیان ڕێگریکردنە لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێک بۆ هەر چالاکییەک دژی ئەو وڵاتە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە هەرێمییەکانی ئەم دواییە”.

کورد مۆنیتەر لەگەڵ سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی قسەیکرد، لەبەر هەستیاریی بابەتەکە ئەو سەرچاوەیە داوایکرد ناوەکەی بڵاونەکرێتەوە و گوتی:”هێرشەکان پەیامێکیان پێیە کە پەیوەستە بە قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چونکە ئێران دەیەوێت جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی کشانەوەی تەواوەتی بکاتەوە، بە شێوەیەک کە ئەو بنکە و شوێنانەش بگرێتەوە کە لە هەرێمی کوردستاندان، بەتایبەتی لە هەولێر، لەگەڵ ڕێگریکردن لە هەر بڕیارێکی نوێ کە ڕەنگە ببێتە هۆی مانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا بە شێوازی جیاواز لەخاکی هەرێمی کوردستان”.

Back to top button