فەرماندەیەکی ئێرانی: ئێمە توانای ڕوبەڕوبونەوەی مۆساد و سی ئای ئەی-مان نییە

فەرماندەیەکی پێشووتری هێزی دەریایی لە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران توانای پێویستیان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.

جەنەڕاڵ حوسێن عەلائی، پێشووتری هێزی دەریایی لە سوپای پاسدارانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی “خەبەر ئۆنلاین” ڕوونی کردەوە کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دەزگا هەواڵگرییەکانەی خاوەنی توانای تەکنیکی و مرۆیی بەرفراوانن، پێویستی بە پەرەپێدانی بەردەوامی توانای ئەمنی و هەواڵگریی ئێران هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد کە قەبارەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ئێستا پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر هەیە بۆ کاری هەواڵگری و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی.

گوتیشی، ئەو دزەکردنە ئەمنییانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە ئێران ڕوویاندا، گرنگی بەهێزکردنی ئەدای دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوانیان نیشان دەدەن، بە شێوەیەک کە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان بە شێوازێکی کاریگەرتر مسۆگەر بکات.

عەلائی باسی لە دۆسیەکانی تیرۆرکردن و دزەکردنە ئەمنییەکان و شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرد، لەگەڵ ئایندەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و گوتی: ئەو شەڕەی لە حوزەیرانی 2025دا بۆ ماوەی 12 ڕۆژ بەردەوام بوو، بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، ئامانج لێی تیرۆرکردنی ڕێبەری پێشووی ئێران عەلی خامنەیی نەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئامانجی تریان هەبووە، سەرەڕای هەستیاری ئەو قۆناغەی کە وڵات پێیدا تێپەڕی.

ئەو فەرماندە ئێرانییە جەختی لەوەشکردەوە، توانای هەواڵگریی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوەوەی ئێراندا پێشکەوتوو بووە و ڕوونی کردەوە کە “مانگە دەستکردە تاکتیکییەکان بە بەردەوامی چاودێری ئاسمانی ئێران دەکەن”، و پێی وابوو کە پرۆسەکانی کۆکردنەوەی زانیاری تەنانەت لە ماوەی ڕاگرتنی شەڕیشدا نەوەستاون.

Back to top button