
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بەشێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان راگرت و دەڵێت، ئەم بڕیارە رێکارێکی خۆپارێزییە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنەسەر هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن یەکێکە لە کۆمپانیا دیارەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان. کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەم بڕیارە وەکو رێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی سەلامەتی و بەهۆی دۆخی نوێی ئەمنی ناوچەکە گیراوەتەبەر، ئەوەش هاوشێوەی رێکاری بەشێکی دیکەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتە کە لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن.
گەڵف کیستۆن باس لەوە دەکات، هیچ زیانێک بە دارایی و دامەزراوەکانی کۆمپانیاکە نەکەوتووە و دوایین ئاماری کۆی بەرهەمهێنانیش لە کێڵگەی شێخان لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 45,000 بەرمیل نەوت بوو لە رۆژێکدا.
کۆمپانیاکە دەڵێت، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات و لە کاتی پێویستدا زانیاریی نوێ و وردەکاریی زیاتر بڵاودەکاتەوە.
رۆژی 16ـی ئەم مانگە کۆمپانیای دانەگاز بە هەمان هۆکار و لەبەر بوونی مەترسی ئەمنی رایگەیاند، کارەکانی لە کێلگەی گازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە، ئەوەش بووەهۆی کەمبوونەوەی نزیکەی 2 هەزار مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەریمی کوردستان.
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنی ئەمریکیش بەهەمان هۆکار بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی سەرسنگ و ئەترووش لە پارێزگای دهۆک راگرت.
رۆژی شەممە بەرپرسانی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو رایانگەیاندبوو، لەبەر نیگەرانییە ئەمنییەکان و دۆخی ناوچەکە بەرهەمهێنانیان لە هەرێمی کوردستان راگرتووە.





