
- توركیا رۆڵی گەورەی هەبوو لە رێگیركردن لە دابەشكردنی ئێران و هەڵوێستی توندی پیشانی ئەمریكییەكان دا
- هەموو پلانێك بۆ دابەشکردنی ئێران و روخاندنی رژێم و هاندانی نائارامی ناوخۆیی ئامادە کرابوو بەڵام شکستیان هێنا
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت، ئەوان (ئەمریكاو ئیسرائیل) پلانیان هەبوو بۆ دابەشکردنی ئێران، لە چوارەمین رۆژی جەنگدا، ترەمپ پەیوەندی بە هەندێک سەرکردەی کوردستانی عێراقەوە کرد، ئەو ئێوارەیە پەیوەندیم بە بارزانی و تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی تورکیا هاكان فیدانەوە کرد، هەروەها لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوومەوە و ئەم هۆشدارییەی خوارەوەم پێدان: ئەگەر بچووکترین هەڕەشە لە کوردستانی عێراقەوە ئاڕاستەی ئێمە بکرێت، وەڵام دەدەینەوە؛ وا مەزانن ئێمە لە شوێنێکی تر سەرقاڵین.
عراقچی، لە میانی چاوپێكەوتنێكی تایبەت بە بەڕێوەچوونی جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئەمریكاو ئیسرائیل بەناوی (ماجەرای جەنگ) وتی، تورکیا دەستوەردانی کرد و رۆڵێکی زۆر چالاکانەی لەم پرۆسەیەدا بینی و لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆبوونەوە و هەڵوێستێکی زۆر توندیان لەسەر ئەم بابەتە نیشان دا.
ئەم هەوڵە دەستەجەمعیانە بەشدارییان کرد لە پووچەڵکردنەوەی پیلانی دابەشکردنی ئێران و هاندانی نائارامی ناوخۆیی.
عراقچی وەك ئاماژەیەك بۆ رەزا پەهلەوی، وتی ئەو باڵندە بچووکە لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل رێککەوتنی كرد لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئێران و وتبووی، ناوچە سنورییەکان بۆ ئێوە جێبهێڵن، منیش لە ناوەنددا دەبم.
هەموو پلانەکانی خۆیان بۆ دابەشکردنی ئێران و روخاندنی رژێم و هاندانی نائارامی ناوخۆیی ئامادە کردبوو، بەڵام شکستیان هێنا.





