چۆن پلانی هێرشی حزبەکانی ڕۆهەڵاتی کوردستان بۆسەر شارەکانی ئێران شکستیهێنا؟

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر هێزە کوردییەکان بچنە ناو خاکی ئێرانەوە، لە چوارچێوەی پلانێکی زەمینی کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)ەوە داڕێژرابوو، لەڕێی هێزی ئاسمانیەوە پشتیوانی ئێران دەکات.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوە کردووە، قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا کە تیایدا ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا لە لێواری شەڕێك بوو لەگەڵ ئیسرائیل و ئەو رێگەی لێگرت، مەبەستی ئەم سیناریۆیە بووە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، پلانەكەی مۆساد بریتی بووە لە پاڵپشتیکردنی گروپە کوردییەکانی ئێران بۆ چوونە ناو خاکی ئێران و فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلیش لە ئاسمانەوە پشتیوانی هێرشی هێزە كوردییەكان بكەن.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی “نەڕەی شێر”، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجەکانی رۆژئاوای ئێران ئەنجامداوە بۆ ئەوەی رێگە خۆش بکات بۆ هێرشێکی زەمینی چاوەڕوانكراو لەلایەن هێزە کوردییەکانی ئێرانەوە لەناو خاكی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی شارو شارۆچکەكانی و نزیک سنوری ئێران و عێراق.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە کوردییەکانی ئێران زیاتر لە ساڵێک پێش سەرهەڵدانی ئەو روبەڕوبوونەوەیە بەردەوام بووە.

زانیارییەكانی ئەو میدیا ئیسرائیلییە لەكاتێكدایە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا كە بەم دواییە لەگەڵ میدیایەكی وڵاتەكەی ئەنجامیداوە، ئاماژەی بەوەكردووە، ئیسرائیل و ئەمریكا پلانی دابەشكردنی ئێرانیان هەبوو، بەڵام تورکیا دەستوەردانی کردو رۆڵێکی زۆر چالاکانەی بینی لەم پرۆسەیەداو لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆبوونەوەو هەڵوێستێکی زۆر توندیان لەسەر ئەم بابەتە نیشان دا.

Back to top button