ترەمپ ڕەزامەندی بە سعودییە دەدات یۆرانیۆم بپتێنێت

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لە زاری دوو سەرچاوەوە ئاماژە بەوە دەکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رازیبووە کە رێککەوتنێک لەگەڵ سعودیە بکرێت، تاوەکو ئەو وڵاتە بتوانێت یۆرانیۆم بۆ بەرنامە ئەتۆمییە سڤیلەکەی بپیتێنێت.

ئەو دوو سەرچاوەیە، کە مۆڵەتی ئەوەیان نەبوو بە ئاشکرا قسە لەسەر ئەم بڕیارە رانەگەیەندراوە بکەن، ئاماژەیان بەوە کردووە، چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنەکە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بەفەرمی و بە ئاشکرا رابگەیێندرێت.

پێشبینی دەکرێت ماوەی ئەم رێککەوتنە 30 ساڵ بێت و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش بەشداری لە پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی سعودیەدا بکەن.

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەم رێککەوتنەش ئەوەیە، دوای ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و سعودیە، رەنگە رێگە بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خاکی سعودیەدا بدرێت.

سەرەتا رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەم هەواڵەی بڵاوکردەوە و تاوەکو ئێستاش کۆشکی سپی بەفەرمی وەڵامی داواکارییەکانی نەداوەتەوە بۆ لێدواندان لەسەر ئەم بڕیارە.

Back to top button