
زافر ئەلعانی، سیاسەتمەدارى عێراقی ئهمڕۆ ههینی، داوای لە لایەنە نزیکەکانی ڕژێمی تاران کرد کە ڕێگەی تێپەڕبوون بە کەشتییە نەوتییەکانی عێراق بە گەروی هورمز بدەن. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو لێدوانانەی وەزیری تەندروستی عێراق سەبارەت بە کورتهێنانی دارایی و بوونی کێشەی گەورە بۆ حکومەت لە دابینکردنی دەرمان، پێداویستییە سەرەکییەکان و مووچەی مانگانەی کارمەندانی کەرتی تەندروستی.
ئەلعانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” لێدوانەکانی وەزیری تەندروستی عێراقی بە “هاوارێکی بەرز” وەسف کرد، کە “پرسیارێکی ڕەوا دەوورووژێنێت: ئایا وەلائییەکان دەتوانن داوا لە ئێران بکەن ڕێگە بە عێراق بدات نەوتەکەی لە ڕێگەی گەروی هورمزەوە هەناردە بکات، تاوەکو عێراقییەکان بتوانن مووچە و دەرمانیان هەبێت؟”.
ئەم هەڵوێستە هاوکاتە لەگەڵ دانپێدانانی دوێنێ پێنجشەممەی عەبدولحوسێن ئەلموسەوی، وەزیری تەندروستی عێراق کە گوتی: حکومەت ڕووبەڕووی قەیرانی نەختینەیی بووەتەوە و وایکردووە کاری لەپێشینەی حکومەت دابینکردنی مووچە بێت، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە کۆمپانیای گشتیی بە بازاڕکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان (کیمادیا) تەنها 15٪ی بودجەکەی پێگەیشتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئیفلاسبوونی و پەککەوتنی گرێبەستە نوێیەکان و دروستبوونی مەترسی لەسەر دابینکردنی دەرمان.
دوای لێدوانەکانی وەزیری تەندروستی، فالح ئەلساری، وەزیری دارایی عێراق، بە لێدوانێکی شۆکهێنەری دیکەوە دەرکەوت و تێیدا جەختی لە بوونی کورتهێنانی ڕاستەقینەی دارایی کردەوە کە ڕێگرە لە تەواوکردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و سودمەندبووانی چاودێری کۆمەڵایەتی. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆی پابەندییەکانی عێراق بۆ مووچەی مانگانە دەگاتە نزیکەی حەوت تریلیۆن و 800 ملیار دینار.





