
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی سەربازی و ئەمنیی باڵادا گەیشتووەتە بەغدای پایتەخت.
میدیای عێراقی بڵاویکردەوە، شەوی دووشەممە قائانی و شاندی یاوەری گەیشتونەتە بەغدا، لەمیانی سەردانەکەیاندا ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراقی لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، سەرکردەی گروپە چەکدارەکان، لەنێویاندا هادی عامری، ڕێبەری ڕێکخراوی بەدر دەبینن.
سەرچاوەکە ڕوونیشی کردووەتەوە کە وتووێژەکانی قائانی لە بەغدا جەخت لەسەر دوو دۆسیەی سەرەکی دەکەنەوە؛ یەکەمیان چەکی گروپە چەکدارەکانی عێراق، و دووەمیان تاوتوێکردنی ئەگەری ڕێگەدان بە عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
دۆسیەی گروپە چەکدارەکان بە یەکێک لە هەستیارترین دۆسیەکانی بەردەم حکومەتی عێراق دادەنرێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی 30ی ئەیلوول کە وەک دوا وادە دیاریکراوە بۆ ڕادەستکردنی چەکی گروپەکانی دەرەوەی دەوڵەت.





