عەلی زەیدی دەست بۆ دڵی حەشدی شەعبی دەبات

  • زەیدی سەركردایەتی حەشدی شەعبی بە فەرماندەكانی سوپا دەسپێرێت

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گۆڕانکاریی لە دوو لە باڵاترین پۆستەکانی حەشدی شەعبی دەکات، هەنگاوێک کە بە قورس و یەکلاکەرەوە دادەنرێت.

رۆژنامەی “عالەم جەدید”، لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانی، “قۆناغی سەرکردایەتی جیهادی کۆتایی هات؛ سەرچاوەکان فەیاز و ئەبو فەدەک دووردەخرێنەوە و حەشد رادەستی ئەفسەرانی سوپا دەکرێت”، بڵاوكردووەتەوەو تیایدا دەڵێت، دەستەی حەشدی شەعبی بەرەو قۆناغێکی نوێ لە رێکخستنەوەی پێکهاتەکەی هەنگاو دەنێت، کە تەنیا بە داخستنی بارەگا وەهمییەکان و کۆنترۆڵکردنی چەک ناوەستێتەوە، بەڵکو گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراو لە سەرکردەکانی ریزی یەکەمیش دەگرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییە تایبەتانەی رۆژنامەكە دەڵێت دەستی كەوتوون، ئاماژە بە گۆڕینی فالح فەیاز و ئەبو فەدەک دەکەن، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ هێنانی ئەفسەرانی سوپا و رێکخستنەوەی سەرکردایەتی و پەیوەندییەکانی ناو دەستەكە.

رۆژنامەكە ئاماژە بەوەدەكات، تەوەرەکانی ئەم بابەتە ئاڕاستەیەکی جیاوازیان وەرگرتووە، بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی قسەکردن لەناو هێزە سیاسییەکاندا سەبارەت بە تێپەڕاندنی بنەمای کۆنترۆڵکردنی چەک و رۆشتن بەرەو ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی حەشدی شەعبی خۆی، هاوشانی ئەو رێکارانەی پەیوەستن بە بارەگاکان، جلی سەربازی، سەرکردایەتییەکان و میتۆدی پەیوەندییەکان.

ئەو گۆڕانکارییانەی خراونەتە ڕوو تەنیا لە رێکارە مەیدانییە بەردەوامەکاندا نامێننەوە، بەڵکو پلە و پێگە باڵاکانی ناو دەستەكەش دەگرنەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، ئاڕاستەکە بریتییە لە گۆڕینی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە عەلی زەیدی، بەرپرسی فەرمانگەی ئاسایش لە حەشد.

جگه لەوەش، گۆڕینی “ئەبو فەدەک” سەرۆکی ئەرکانی دەستەكە، “فەریق محەمەد خەنجەر” لە شوێنی دادەنرێت، ئەمەش سەرباری ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئێستا لەناو دەزگاکەدا بەڕێوەدەچن.

Back to top button