
هەرچەندە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەردەوام جەخت لە ناردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە، بەڵام نیوەی مانگ تێپەڕیوە و هێشتا بەغدا مووچەی نەناردووە، سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لەبەغداوە بۆ کورد مۆنیتەر ئەوەی ئاشکراکرد، ئەگەری زۆرە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دوو مووچەی فەرمانبەران بفەوتێت.
ئەو سەرچاوەیە کە لەبەر هەستیاریی دۆخەکە داوایکرد ناوی ئاشکرانەکردێت بە کورد مۆنیتەر-ی گوت: پارەی بەردەست حکومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەرووی 700 ملیار دینار، بەڵام حکومەتی هەرێم پابەند نیە بە ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ، بەغداش بە لێبرینی 120 ملیار دینارەکەوە مووچە دەنێرێت، بۆیە گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەنراو لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت بۆئەوەی بەغدا درەنگتر مووچە بنێرێت و ئەو کورتهێنانەی لە هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، بە گۆڕینی دابەشکردنی مووچە لە 30 ڕۆژەوە بۆ نزیکی 45 تا 50 ڕۆژ پڕبکرێتەوە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی بەغدا ڕێگە بەو کارە دەدات ئەو سەرچاوەیە گوتی: لەبەغدا کۆمەڵێک کێشەی گەورە هەن وەک نەبوونی نەختینە، کێشەی گروپە چەکدارەکان، ڕێکنەکەوتنی کۆتایی لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا لەگەڵ هەرێم، بۆیە حکومەتەکەی زەیدی نایەوێت کێشەیەکی دیکە لەگەڵ هەولێر دروست بکات.
سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتیشی: دەزانم ئەم ڕاستیە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاڵە، بەڵام ئەمساڵیش دوو مووچە نادرێت، ئەگەر زیاتریش نەبێت، چونکە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دانوستان لەسەر کێشە داراییەکان نەکەن تا دوای کشانەوەی هاوپەیمانان و ئامادەکردنی بودجەی ساڵی داهاتوو، هەروەها سەرجەم گفتوگۆکانیش بۆ دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دواخراوە.





