30 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵدەگرێت؛ وردەکاریی ئەو درۆنە پێشکەوتوەی ئێران نوسینگەی مەسرور بارزانی کردە ئامانج

هێڤی خالد

دژه‌ تیرۆری كوردستان رایگه‌یاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە ئێران بە دو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری “حەدید-110” هێرشیکردە سەر پیرمام، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردە ئامانج. به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، ئەو درۆنە خێراترین و پێشکەوتوترین درۆنی ئێرانیە و لە ساڵی 2025 نمایشکراوه‌، خەندان لەم ڕاپۆرتەدا وردەكانی توانا و هێزی درۆنەكە ئاشكرادەكات.

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمڕێژكراوی”حەدید 110″ کە بە “دالاهۆ”ش ناسراوە، بۆ یەکەمجار لە شوباتی 2025 بە فەرمی لە پێشانگایەکی وەزارەتی بەرگریی ئێران پەردەی لەسەرلادرا و دواتر لە کۆتایی هەمان ساڵدا، لەکاتی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی “سەهەند 2025” بە ئامادەبونی نوێنەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگهای، تاقیکرایەوە و ئۆپراسیۆنیی سەرکەوتوی ئەنجامدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وردی ڕۆژنامەی “تەلەگراف”ی بریتانی، حەدید 110 جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ نەوەکانی پێشوی خۆی هەیە، لەکاتێکدا زۆربەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان مۆتۆری پەروانەیی (پانكە)یان هەیە، ئەو جۆرە نوێیە مۆتۆری تۆربۆجێتی تێدا بەکارهاتوە. ئەوەش وای کردوە خێراییەکەی بگاتە زیاتر لە 510 بۆ 517 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، کە بەمەش دەبێتە خێراترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران.

هاوكات “ئینترێستینگ ئینجینیێرینگ” كە گۆڤارێکی دیجیتاڵی جیهانی ناسراوە گرنگی بە تەكنەلۆجیا و زانست دەدات ئاماژەی بەوەکردوە، دیزاینی جەستەی “حەدید 110” هاوشێوەی فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتوەکانی ڕۆژئاوایە.

جەستەکەی بە شێوەیەکی یەکپارچە و لوس دروستکراوە و بە دژە شەپۆلەکانی رادارە. تایبەتمەندییەکی تری ئەندازیاریی ئەم فڕۆکەیە، بونی هەواکێشی مۆتۆرەکەیە بە شێوەی پیتی “S” لە بەشی سەرەوەی، کە رێگری لە رادارەکان دەكات پەروانەکانی ناو مۆتۆرەکە دەستنیشان بکەن.

لەلایەكی دیكەوە میدیا ناوخۆییەكانی ئێران زانیاری جیاوازتر بڵاودەكەنەوە و “دیفاع پرێس” باسی لەوەكردوە، “حەدید 110” مەودای فڕینەکەی دەگاتە 350 کیلۆمەتر و دەتوانێت تاكو بەرزایی نۆ کیلۆمەتر لە ئاسماندا بفڕێت.

ئەو فڕۆکەیە کڵاوەیەکی جەنگی بە کێشی 30 کیلۆگرام ماددەی تەقەمەنی بەهێز هەڵدەگرێت و بە وردییەکی زۆر (خاڵی) ئامانجەکان دەپێکێت. هەروەها بە سیستەمی “بۆستەری سوتەمەنی رەق” هەڵدەدرێت، ئەمەش رێگە دەدات لە سەکۆی وشکانی و تەنانەت لە ژێردەریاییەکانیشەوە ڕەوانەی ئامانج بکرێت.

ناوەندە شیکارییەکان، لەوانە “تەلەگراف”، جەخت لەوەدەکەنەوە کە ئامانجی سەرەکی لە دیزاینی ئەم فڕۆکەیە، تێپەڕینە لە سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە پێشکەوتوەکانی ئەمریکا. بەهۆی خێراییە زۆرەکەی و بچوکیی لە راداری دوژمندا، کاتی کاردانەوەی بەرگری ئاسمانی بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێنێت. شارەزایان دەڵێن ئەم فڕۆکەیە دەبێتە “مۆتەکەیەک” بۆ بنکەکانی سێنتکۆم (CENTCOM) لە ناوچەکەدا، چونکە زۆربەی ئەو بنکانە لە مەودای ئۆپراسیۆنیی حەدید 110دان.

Back to top button