
خێرایی بێوێنەی تاران لە دووبارە ڕێکخستنەوەی توانا سەربازییەکانی، بە تەواوی سوپای ئیسرائیل و مۆسادی تووشی سەرسوڕمان کردووە، کە ڕەنگە هاوکێشەکانی دوای جەنگ بە تەواوی ئاڵۆزتر بکات.
سەرەڕای زیاتر لە 30 هەزار هێرش و وێرانبوونی هەزاران ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی وڵاتەکە، سوپای ئێران بە خێراییەکی پێشبینینەکراو دەستی بە چاککردنەوەی کەرتی مووشەکی و ژێرخانە وێرانبووەکانی کردووەتەوە، کە ئەو شوێنانە ئامانجی یەکەمی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوون و وێران کرابوون.
ڕۆژنامەی ئۆڕشەلیم پۆست ڕایگەیاندووە: ئەگەر ئێران مانگانە 100 بۆ 300 مووشەک بەرهەم بهێنێتەوە، تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2027 جبەخانە مووشەکییەکەی دەگەڕێنێتەوە ئاستی پێش جەنگ، لە ساڵی 2028دا دووبارە دەبێتەوە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر جیهان.
ئەم خۆئامادەکردنەوە خێرایەی تاران، تەلئەبیبی خستووەتە ژێر گوشارێکی جددییەوە، بە تایبەت کە ڕێگەی داهێنەرانەی بۆ بەرهەمهێنانەوەی چەک دۆزیوەتەوە، لەکاتێکدا ئێران لەژێر ئابڵوقەیەکی ئابووری زۆر سەختە و خەڵکی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی خراپدا گوزەران دەکەن.
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە: بە وردی چاودێریی سەرجەم هەوڵەکانی بوژانەوەی سەربازیی ئێران دەکەین، بەپێی گۆڕانکارییە مەیدانییەکان هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانمان نوێ دەکەینەوە.
ئەم ململانێ و خۆنوێکردنەوەیەی تاران نیشانی دەدات کە جەنگ نەیتوانیوە توانای مووشەکیی ئێران بپوکێنێتەوە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل ناچار دەکات بژارەی سەربازیی توندتر بخاتە سەر مێزی بڕیارەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکان لەسەر وڵاتەکە.
قەبارەی زیانەکانی ئێران بەهۆی جەنگی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا بە نزیكەی 270 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، تاران داوای قەرەبووکردنەوەی ئەم زیانە داراییانە دەکاتەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی قەرەبوو کرابێتەوە توانیویەتی بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش توانا سەربازیی و ستراتیژییەکانی پێشبخاتەوە.
لە چەندین لێدوان و ڕاگەیەنراودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکردبوو کە بەشێوەیەک زیانیان بە ئێران گەیاندووە پێویستی بە نیو سەدە هەیە کە زیانەکان چاک بکاتەوە، بەڵام ئەوەی لە واقعدا ڕوودەدات و دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل تۆماری کردووە، ئێران زۆر بە خێرایی ساڕێژی برینەکانی خۆی دەکات.
لە شەڕی 40 ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی (عێراق، کوردستان، ئیمارات، عومان، بەحرەین، قەتەر، کوەیت، سعودیە و ئیسرائیل) بەتەوایی لەلایەن مووشەک و درۆنەکانی ئێرانەوە کرابوونە ئامانج و زیانی زۆری گیانی و ماددی گەیاند، جگە لەوەی لەناوخۆی ئێران هێرشەکان زیانی زۆریان بە دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازگە و پێگە ئەمنییەکان گەیاند و چەندین سەرکردەی باڵای ئەو وڵاتە کوژران کە دیارترینیان ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران بوو.





