
بێ رێزیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لە عێراق کاردانەوەی دیپلۆماتانی ئەمریکی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، عەلی زەیدی فەرمانی داوە رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.
جۆو ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: “حەشدی شەعبی کە بەشێکە لە دەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق، بێڕێزی بە ئاڵای ئەمریکا دەکات و ستایشی رژێمی ئێران دەکات.”
ویڵسن رووی دەمی دەکاتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەڵێ: “ئەگەر بەڵگەی زیاترتان دەویست بۆ ئەوەی بزانن عێراق پارێزگایەکی ئێرانە، ئەمە بەڵگەکەیە. زەیدی، ئایا ئەمە تێڕوانینی تۆیە بۆ ئەمریکا؟ دەبێت عێراق لە ئێران رزگار بکرێ.”
هاوکات ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رەخنەی گرت و نووسی: “دەمزانی لەکۆتاییدا رووداوێکی لەم شێوەیە روودەدات و بەسەر ئاڵادا دەڕۆن، بەڵام ئەمجارەیان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کرا نەوەک تەنیا میلیشیاکان. هەرچەندە ئەمە گوزارشت لە هەموو عێراقییەکان ناکات، بەڵام دەبوو حکومەتی عێراق رێگری لەم دژایەتیکردنە ئاشکرایەی ئەمریکا لەلایەن هێزە فەرمییەکانییەوە بکردایە.”
هاوکات زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە بەغدا لە پەیامێکدا ئەو کارەی بە “بێڕێزییەکی گەورە” ناوبرد و نووسی: “ئەگەر قوربانیدان و ئازایەتیی سەربازانی ئەمریکا نەبووایە، رەنگە تاوەکو ئێستاش سەدام حوسێن فەرمانڕەوایی عێراقی بکردایە. سەرم سوڕماوە کە حکومەتی عێراق بێدەنگ وەستاوە و رێگەی بە رووداوێکی لەم شێوەیە داوە.”
ئەم رووداوە لە کاتێکی هەستیاردا روودەدات. عەلی زەیدی دوای 12 ساڵ لە ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، چوارشەممەی رابردوو سەروەریی تەواوەتیی عێراقی راگەیاند.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 4-10-2026، حکومەتی عێراق بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، ئەو کارمەندانەی سەر بە حەشدی شەعبی دەستگیرکرد کە بە ئۆتۆمبێلی سەربازی بەسەر ئاڵای ئەمریکادا رۆیشتبوون.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، عەلی زەیدی سەرکۆنەی ئەو کارەی کردووە و فەرمانی داوە رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر؛ هەروەها ئاشکرای کرد کە ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی رووداوەکە دەستگیرکراون تاوەکو بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.





