قەرەسوو: کێشەی باشووری کوردستان کشانەوەی ئەمریکا نیە بەڵکو دەردی نەبوونی دیموکراسیە

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەرنامەیەکی مەدیا خەبەر تیڤی کرد و ڕایگەیاند، تا ئازادی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە خەباتکردن بەردەوام دەبن.

هاوکات لەسەر بەڕێوەچوون و چاوەڕوانییەکان لەسەر پرۆسەی چارەسەریی، قەرەسوو ڕەخنەی لە دواکەوتنی خستەگەڕی و کارانەکردنی لیژنەکان گرت و لەم ڕووەوە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکان ئەنجامدران و بڕیار لەسەر دەستبەکاربوونی لیژنەکان درا، بەڵام تا ئێستا هیچ کارێکی بەرچاو و شوێنپێهەڵگرتنی پەرلەمانی نەبینراوە. بەتایبەتی “لیژنەی ئاشتی و سیاسبوون” کە بڕیار بوو بە ڕێبەرایەتی ئاپۆ کار بکات، هێشتا بە تەواوی پەکخراوە و کاری پێناکرێت. پرۆسەیەک کە بەڵێنی چاوپێکەوتن و چارەسەری تێدا درابوو، ئێستا تووشی چەقبەستوویی بووە و هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەی تێدا بەدی ناکرێت.

قەرەسوو ئاماژەی بەوەشدا، داوای ڕۆڵگێڕان لە ئاپۆ دەکرێت بەڵام دەرفەت و ئازادی کارکردنی پێویستی پێ نادرێت، کە پێشتر خۆی ئەمەی بە “مەلەکردن لە حەوزێکی وشکدا” چواندبوو، لەم ڕووەوە گوتی: “بۆ پێشخستنی پرۆسەکە، دەبێت مەرجەکانی کارکردنی بگۆڕێت و بتوانێت بە ئازادی لەگەڵ ڕووناکبیران، هێزە سیاسییەکان و میدیاکاندا کۆببێتەوە. پێویستە دەنگی ئەو ڕاستەوخۆ بگاتە گەل و جیهان بۆ ئەوەی هۆکار و ئامانجەکانی ئەم تێکۆشانە بە ڕوونی بخاتە ڕوو.”

دەربارەی دۆخی باشووری کوردستان قەرەسوو باسی لەوەکرد، لە ڕاستییدا دەرد و کێشەی باشوور پرسی کشانەوەی ئەمریکا نییە ‘کە لە بنەڕەتدا کشانەوە نییە بەڵکو گۆڕینی شێوازی شەڕە’ بەڵکو دەردی باشوور ئەو عەقڵێتی دەسەڵاتخوازییە ناوەندگەراییەیە کە پشت بە جومگە دیموکراسییەکان نابەستێت و دیموکراسی خۆجێی پشتگوێ خستووە، هاوکات تۆرانی گەل لە دەسەڵات و پێکنەهێنانی حکومەتێکی دیموکراتیکی دەرنجامی ئەم عەقڵێتەیە کە مەترسی سەرەکین لەسەر باشووری کوردستان. ئێمە بە تەواوەتی لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکی دیموکراتیکیین بۆ باشووری کوردستان و لەم ڕووەوە بە هەموو جۆرێک پشتیوانی دەکەین، پێموابێ گەلیش لە هەمان پشتیوانیدا دەبێت.

وتیشی، کشانەوەی ئەمریکا لە باشووری کوردستان نیگەرانی دروست کردووە، بەڵام جیهان و شێوازی جەنگ گۆڕاون. ئێستا تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد هاتوونەتە پێشەوە و چیتر پێویست بە هێزی سەربازیی زۆر ناکات لەسەر زەوی. بۆیە گۆڕینی بنکە سەربازییەکان بەهۆی گۆڕانی تەکنیکی جەنگەوەیە، نەک کشانەوەی ڕاستەقینە و وازهێنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران.

بەوتەی قەرەسوو “لە ئێستادا دەسەڵاتی باشووری کوردستان بەهۆی نادیموکراتیبوونی و نەبوونی یەکێتیی نێوان لایەنەکان لاواز و بێهێز بووە. پێداگری لەسەر سیستەمی ناوەندگەرێتی وای کردووە کە دەسەڵات نەتوانێت پشتگیریی گەل بەدەست بهێنێت. ئەم جۆرە بیرکردنەوە کۆنە، کە هی سەدەکانی ڕابردووە و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵێتی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە، کە تەنیا دەبێتە هۆی دابەشبوون و زیاتر لاوازبوونی کورد”.

Back to top button