
بڕینەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆک، لەلایەن تورکیاوە بەردەوامە، ئەو کارەش ناڕەزایەتى هاووڵاتییان و چالاکوانانى هەرێمى کوردستان و بەرپرسانى عێراق لێکەوتەوە و حکومەتی عێراق بەنیازی لێکۆڵینەوەیە لەو کارە.
نەجلە وائیلی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاریی ژینگەیی لە وەزارەتی ژینگەى عێراق ڕایگەیاند، بڕینى دارەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی زەوییەکان و بیابانبوون، ئەمەش لە ڕووی زانستییەوە زیانى هەیە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەمەجۆریی بایۆلۆجی و زیادبوونی تۆز و زەوییە بیابانییەکان.
ئاماژەى بەوەشکرد، هیچ ڕۆڵێکمان نییە لەسەر پرۆسەی بڕینەوەى دار کە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، چونکە ئیدارەی هەرێم جیاوازە لە وەزارەتی ژینگە، بەڵام پەیوەندیمان بە هەرێمەوە کردووە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لە هۆکارەکانى بڕینەوەى دارەکان تا بتوانین هاوکارییان بکەین لە سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچانە.
جەختیشی کردەوە، ئەگەر بابەتەکە مەبەستدار بێت هۆکارەکانی دەزانرێت، ئێستا لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێم بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکرێت و سەردانی لە نێوان ئێمە و هەرێمی کوردستاندا هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هۆشیاریی ژینگەیی لە وەزارەتی ژینگەى عێراق وتیشی: نووسراومان بۆ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان کردووە دەربارەی هۆکارەکانی بڕینەوەى دار و پەیوەندییەکەی بە هێزە تورکییەکانەوە، بەڵام تا ئێستا هۆکارەکانی ئەوە ڕوون نەبووەتەوە، بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە سەرجەم پرۆسەکانی بڕینەوەى دار ڕەت دەکەینەوە، چونکە ئەم زەوییانە بۆ ئێمە گرنگن و بڕینەوەیان کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەمەجۆری بایۆلۆجی هەیە.
هەروەها مەعروف مەجید ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە هۆشداریی دا لە بەردەوامبوونی بڕینەوە و سووتاندن و وێرانکردنی دارستانەکان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی بادینان و ناوچە سنوورییەکان، داوای لە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کرد، کە ڕێکاری یاسایی و سیاسی و دیپلۆماسیی بەپەلە بگرنە بەر بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەکان بۆ سەر دارستان و سەرچاوە سروشتییەکان.
مەعروف مەجید ئەوەشی خستەڕوو، دەیان دیمەن و بەڵگەی وێنەیی دەربارەی بڕینەوە و تاڵانکردن و وێرانکردنی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی بادینان و ناوچە سنوورییەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوبوونەتەوە، ئەم دەستدرێژییانە، کە لەلایەن هەندێک بازرگانەوە بە پشتیوانی و قۆستنەوەی بارودۆخە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێ دەکرێن، نوێنەرایەتی دووبارەبوونەوەیەکی مەترسیداری ئەو پڕۆسانەی دەکەن کە ناوچەکە لە ساڵانی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیویەتی.





