ئابووریی عێراق تووشی شۆکبووە و زەیدیش چوار جێگر بۆ خۆی دادەنێت

لە یەکێک لە کۆشکەکانی ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی بەغدا، ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردووە بۆ پێشوازیکردن لە یەکەم جێگری عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە مووچەی مانگانەکەی لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نابێت، دواتریش سێ جێگرەکەی دیکەی زەیدی پەیوەندیی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەکەن.

نووسینگەکە ئامادە کراوە و پۆستەکە لە بوون بە واقیع نزیک بووەتەوە، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی ئەم پۆستەی هێناوەتە کایەوە، تا ئێستاش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

دوای لانیکەم پێنج مانگ لە دانوستان، هێزە سیاسییەکان نەیانتوانیوە پرسی چوار جێگرەکەی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکەنەوە، جگە لەوە نە توانیویانە کێشەی 9 وەزیرە ماوەکەی کابینەکەی زەیدیش چارەسەر بکەن.

بابەتەکە ئیتر تەنها لە دیاریکردنی چوار جێگردا قەتیس نەماوە، بازنەی ڕێککەوتنەکە فراوانتر بووە بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، هاوکات چەند لایەنێکی شیعە—کە گرووپە چەکدارەکانیشیان تێدایە—ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دیاریکردنی ئەو پۆستانەی بۆ پێکهاتەکانی دیکە تەرخان کراون.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەیانیی یەکشەممەی ڕابردوو، ناوی وەزیرەکان گەیشتووەتە نووسینگەی زەیدی؛ بە جۆرێک بۆ هەر پۆستێک ناوی دوو کاندیدی جێگرەوە دیاری کراوە، تا سەرۆک وەزیران لەنێوانیاندا یەکێکیان هەڵبژێرێت.

زەیدی چاوەڕوانی ئەوە بوو دوێنێ سێشەممە لیستەکە بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بنێرێت، تا بخرێتە بەرنامەی کاری دەنگدانەوە. هەڵسەنگاندنەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد ڕەنگە دانیشتنی دەنگدانەکە سبەی پێنجشەممە بەڕێوە بچێت، یانیش ئەگەر ڕێکارەکان تەواو نەکرێن، بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێت.

بەڵام نوێترین ئەو زانیارییانەی دەست کورد مۆنیتەر کەوتوون، ئەوە دەردەخەن کە وادەی ڕۆژی پێنجشەممە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێو بەشێک لە سەرکردەکانی شیعە، کە هەڕەشەی گەڕاندنەوەی دانوستانەکان بۆ خاڵی سفر دەکەن.

لە ناوچەی حکومی لە ناوەڕاستی بەغدا، کارکردن لە نووسینگەیەکی ڕازاوەدا لەنێو “کۆشکی زەقورە” تا دێت خێراتر دەبێت، کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو یەکێک لە جێگرە نوێیەکانی سەرۆک وەزیران تێیدا دەستبەکار بێت.

بەپێی سەرچاوەکان، نزیکەی 7 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆشکەکە و بەشەکانی تەرخان کراوە. هەروەها بەپێی زانیارییەکان، نووسینگەکە پێویستی بە لانیکەم 800 پاسەوان دەبێت لە چوارچێوەی فەوجێکدا کە بەم دوایییە بۆ پاراستنی یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆک وەزیران دامەزرێنراوە.

جێی سەرنجە عەلی زەیدی تا دوا ساتەکانیش ڕەتی دەکردەوە هیچ جێگرێکی هەبێت، هاوکات نوری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش، پێش ئەوەی دواتر ڕای خۆی بگۆڕێت، پشتیوانیی لەم هەڵوێستە دەکرد.

حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادقوون، کە بڕیارە یەکێک لەو چوار پۆستە بەر سادقوون بکەوێت، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بەهانەی بۆ ئەم هەنگاوە هێنایەوە و گوتی: “بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک دوو بۆ سێ یاریدەدەری هەیە، چۆن دەبێت سەرۆک وەزیران بە تەنیا بمێنێتەوە؟”
لە سەرەتادا، پرسی دارایی تەوەرێکی گەرمی گفتوگۆکان بوو؛ لە وڵاتێکدا کە لەژێر گوشاری قورسی ئابووریدایە، باسوخواسی 4 جێگر بە واتای 4 نووسینگە، پاسەوان، و مووچە و دەرماڵەی نوێ دەهات.

سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکان دەڵێت لەبەر ئەم هۆکارە لایەنەکان سەرەتا ڕێککەوتبوون لەسەر ئەوەی پۆستەکە “بێ دەرماڵە” بێت. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە زۆری نەخایاند؛ سەرچاوەکە دەڵێت: “دواتر قسەکە گۆڕدرا و بە فەرمی بڕیار درا کە مووچەی مانگانەی هەر جێگرێک لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت.”
سەبارەت بە دەرماڵەکانی دیکەش، هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە و سەرچاوەکە پێیوایە لەوانەیە هەڵبوەشێنرێنەوە.

Back to top button