
سەڵاحەدین سورور, ڕۆژنامەنووس باسی لەوە کرد کە سەڕەڕای پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی کە دژی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گێڕدرا، ناوبراو لە 13ی ئەیلوولی 1998دا لە ڕێگەی پەیامێکەوە کە لە کەناڵی (MED TV) بڵاوکرایەوە، جارێکی تر بانگەوازەکەی بۆ ئاگربەست ئاراستەی جیهان کردەوە و وتی: “لەو پەیامەدا ئاپۆ وتی ئەگەر دەوڵەت دان بە مافەکان و ناسنامەی گەلی کورددا بنێت، ئەو ئامادەیە پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە.”
وەک ڕۆژنامەنووسێک کە لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەوکاتەی کردووە کە لە 9ی تشرینی یەکەمی 1998، سەڵاحەدین سورو دەڵێت: لە 1ی ئەیلوولی 1998دا کە هاوکات بوو لە ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، عەبدوڵڵا ئۆجالان ئاگربەستی ڕاگەیاند. لە 13ی ئەیلوولدا لە ڕێگەی پەیامێکەوە لە کەناڵی (MED TV) بانگەوازەکەی بۆ ئاگربەست لەبەردەم رای گشتیی جیهانیدا دووپات کردەوە. لەو پەیامەدا ڕایگەیاند کە ئەگەر دەوڵەت دان بە ماف و ناسنامەی گەلی کورددا بنێت، ئامادەیە پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
باسی لەوەشکردووە، لەو سەردەمەدا هێزە نێونەتەوەییەکان بەتایبەت بەریتانیا و ئەمریکا، هەوڵیان دەدا ئاژاوە و قەیران لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکەن بۆ ئەوەی دەستوەردانی خۆیان لە ناوچەکەدا تەواو بکەن. هەوڵەکانی دەستوەردان دژی سەدام حوسێن لە نێوان ساڵانی 1991 بۆ 1993 سەرکەوتوو نەبووبوون، بۆیە ئەو هێزانە دەیانویست بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بەسەرۆکایەتی ئاپۆ وەک بیانوویەک بەکاربهێنن بۆ لەناوبردنی و هەڵگیرساندنەوەی جەنگێکی نوێ لە نێوان کورد و تورک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دەشڵێت: ئاپۆ تێگەیشتبوو لەم بابەتە. لە ساڵی 1993وە هەوڵی دا پرسی کورد بە ئاشتی و لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکات. لەو ساڵەدا تورگوت ئۆزال پرۆسەیەکی دەست پێکرد کە جەلال تاڵەبانیی نێوەندگیریی تێدا کرد. لە ئازاری 1993دا ئاگربەست ڕاگەیەندرا. بەڵام تورگوت ئۆزال لە نیساندا لە بارودۆخێکی نادیاردا کۆچی دوایی کرد و پرۆسەکە تێکچوو. لە پاش ئەوەدا، هەر کاتێک هەوڵیان دابوو ئەم پرۆسەیە پەرە پێبدەن، هێزی ناوخۆیی و دەرەکی دەستوەردانیان دەکرد.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئینگلتەرا دەیویست پرسە کوردی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییەکان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەڕێوە ببات؛ ئەمریکا دەیویست پرسی کورد وەک بیانوویەک بۆ دەستوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت؛ هەروەها دەیویست بوونی ئاپۆ و پەکەکە لە سووریادا بکاتە بیانوویەک بۆ دەستوەردان لەوێ. بە کورتی، ئەمە پلانێکی فراوان و قووڵ بوو. ئەو پلانەی کە لەلایەن ئیخوان ئەلموسلمین و جەبهەتولنوسرە لە ساڵی 2011دا دانرابوو، لە بنەڕەتدا ئەوە بوو کە لە ساڵی 1999دا دەیانویست جێبەجێی بکەن، ئەوان دەیانویست ئەم دەستوەردانە پلانبۆداڕێژراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگەی ئاپۆ و پەکەکەوە جێبەجێ بکەن. بەڵام لە هەر قۆناغێکدا کە ئاپۆ ئەم دەستوەردانەی پووچەڵ دەکردەوە، پلانی دەستوەردانکەران تێکدەچوو، بۆیە ئاپۆ کرا بە ئامانج.





