
دامەزراوەی “گۆڵف فۆڕم” بۆ توێژینەوە سیاسییەکان ئاشکرایدەکات، چارەنووسی جەنگ و ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، لەسەر خاکی عێراق یەکلایی دەبێتەوە.
ڕێکخراوەکە لە شیکارییەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی واشنتن لە دەریاوە گوشارێکی توند دەخاتە سەر تاران، بەڵام “هەژموونی ئێران لە عێراقدا هێشتا وەک خۆی بەهێز ماوەتەوە”، هاوکات ڕوونیشیکردووەتەوە کە “پەیڕەوکردنی سیاسەتی گوشاری ڕاستەوخۆ لەلایەن واشنتنەوە بەرامبەر بەغدا، شێوازێکی تەواو هەڵەیە.”
لە بەشێکی دیکەی شیکارییەکەدا هاتووە: “گوشارخستنەسەر حکومەتی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە تا بە ئاشکرا لایەنگریی واشنتن یان تاران هەڵبژێرێت، دەبێتە هۆی شکستهێنانی ئەمریکا لە دوورخستنەوەی هەژموونی ئێران لەو وڵاتە.” ڕێکخراوەکە جەختیشی کردووەتەوە کە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت لە جەنگەکەیدا دژی ئێران سەرکەوێت، دەبێت بە شێوازێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بکات، چونکە بە گوتەی ئەوان “دەرئەنجامی ململانێی هەژموون لە عێراقدا، براوەی کۆتایی جەنگەکە دیاری دەکات.”
هەر لەو توێژینەوەیەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، هەرچەندە زۆربەی گرووپە چەکدارەکان ڕازی بوون چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، بەڵام ژمارەیەکیان هێشتا ڕەتیدەکەنەوە و خاوەنی تۆڕێکی فراوانی هەژموونی ئابوورین کە بەدرێژایی دوو دەیەی ڕابردوو لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا چەسپاندوویانە، ئەمەش وا دەکات فشارخستنە سەر بەغدا بۆ پەراوێزخستنی خێرا و ڕاستەوخۆی ئەو گرووپانە، کارێکی ئەستەم بێت.
سەبارەت بە چارەسەری گونجاو، دامەزراوەکە پێشنیازی کردووە کە باشترین ڕێگە، هەماهەنگییە لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق بۆ “جیاکردنەوەی ئەو گرووپانەی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا کار دەکەن لەوانەی تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانیان تێدەکۆشن، تا دواتر لێک داببڕدرێن و بە قۆناغ لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەڵبوەشێنرێنەوە.”
لە کۆتایی شیکارییەکەدا هۆشداری دراوە لەوەی بەردەوامیی گوشارەکانی ئەمریکا ڕەنگە بەرەو “ململانێی ناوخۆیی” لە عێراقدا پەل بکێشێت، ئەمەش دەرفەت و هێزێکی زیاتر بە هەژموونی ئێران دەبەخشێت و لە ئاکامدا، دۆخی ناوخۆی عێراق دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ دیاریکردنی براوەی ئەم جەنگە.





