ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: ئەو عەرەبانەی لە حەسەکە وێنەی سەدام حسێنیان بەرزکردەوە هەڕەشەن بۆ کورد

ئەمریکا داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات لە توندوتیژی دوور بکەونەوە و ناکۆکییەکانیان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەن، ئاڵۆزییەکان لە حەسەکەی باکووری سووریا پەرە دەستێنن؛ خۆپیشاندەرانی عەرەب هێما کوردییەکان دەکەنە ئامانج.

ڕۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست-ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە خۆپیشاندان و پێکدادانەکان لە شاری حەسەکەی باکووری سووریا لە هەڵکشاندان، لەو شوێنەی خۆپیشاندەرانی عەرەب ڕووبەڕووی دانیشتووانی کورد بوونەتەوە. هاوکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان دەربڕیوە.

ئەمریکا داوا لە تەواوی لایەنەکان دەکات دەست لە توندوتیژی هەڵبگرن و جیاوازییەکانیان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەن. وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە وردی چاودێریی ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە ئاڵۆزییەکانی حەسەکە دەکات و نیگەرانە لێیان؛ هاوکات داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن، توندوتیژی و هاندانی جەماوەر ڕەت بکەنەوە، و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگی ئاشتییانەوە چارەسەر بکەن.

هاوکات ڤلادیمیر ڤان ویلگێنبێرگ، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و شارەزای کاروباری کوردی، تیشکی خستووەتە سەر ئاڵۆزییەکان و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بەیاننامەیەکی لەبارەی ئەم پشێوییانە بڵاوکردووەتەوە.

لە بەیاننامەکەی ئەنەکەسەدا هاتووە: “داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریا لە ڕێگەی پەراوێزخستن یان خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکی بنیات نانرێت، بەڵکو لە ڕێگەی هاوبەشیی ڕاستەقینە و پاراستنی کەرامەت و مافی سەرجەم پێکهاتەکانیەوە دەبێت. ئەم ڕێبازە دەرفەتەکانی بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک و فرەیی لەسەر بنەمای ئازادی و دادپەروەری بەهێزتر دەکات”.

گرژییەکانی نێوان کورد و عەرەب هەڕەشە لە هەوڵەکانی تێکەڵاوبوونی سووریا دەکەن

ئاڵۆزییەکانی حەسەکە خۆپیشاندانی بەشێک لە عەرەبەکانی ناوچەکەی دژ بە دانیشتووانی کورد لەخۆگرتووە. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتیی کورد پێشتر کۆنتڕۆڵی تەواوی شارەکەیان لەدەستدا بوو، تا ئەو کاتەی لە کانوونی دووەمی 2026 ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا واژۆ کرا.

ئەو ڕێککەوتنە لە دوای پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق هاتە ئاراوە. هەسەدە لە ساڵی 2015ـەوە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانیی لێدەکرا و ڕۆڵێکی سەرەکی لە هەڵمەتی دژ بە داعشدا گێڕا؛ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەی تێکشکاند و ناوچەکانی وەک حەسەکەی لە ژێر دەسەڵاتی ڕزگار کرد.

حەسەکە خاوەنی پێکهاتەیەکی تێکەڵاوی عەرەب و کوردە، ئەمەش وای کردووە ببێتە خاڵێکی هەستیار بۆ گرژییە نەتەوەییەکان. بەشێک لە دانیشتووە عەرەبەکان لە مێژە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حوکمڕانیی کورد دەردەبڕن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، خۆپیشاندەرانی عەرەب داوای کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی شارەکە دەکەن. لە ئێستادا ڕێککەوتنێک بوونی هەیە کە ڕێگە بە بەرپرسانی کورد دەدات دەسەڵات و پێگەی خۆیان لە حەسەکە و ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوون، بپارێزن.

گرژییەکان دوای ئەوە پەرەیان سەند کە خۆپیشاندەران هێما کوردییەکانیان کردە ئامانج، لەوانەش ئاڵاکان و وێنەی کەزییەی کچان، کە لەم دواییانەدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوا) وەک هێمای بەرخۆدانی کورد دەرکەوتووە.

دواتر دانیشتووانی کورد خۆپیشاندانی پێچەوانەیان ئەنجام دا، ئەمەش بووە هۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەوڵەت. ئەو دیمەنانەی لەلایەن ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە هێزە ئەمنییەکان تەقەیان بە ئاسماندا کردووە تا خۆپیشاندەران بڵاوە پێبکەن.

چەندین پرس بەشدارن لە پەرەپێدانی ئەم گرژییانە، لەوانە خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان و بەکارهێنانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ فەرمییەکانی حکومەت. هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان هۆزە عەرەبەکان و ئەندامانی پێشووی هەسەدە بە ئاڵۆزی مابوونەوە. لە مانگی ئەیلوولدا سەربازێکی کورد کوژرا، لە کاتێکدا ژمارەیەک کوردی دیکەش لە ئاڵۆزییەکانی زیندانێکی کۆبانێدا گیانیان لەدەستدا.

بە شێوەیەکی گشتی، دیمەشق و دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکانیان داوە. سەرەڕای ئەوەش، هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری زۆرجار وایانکردووە تۆمەتبارانی هیچ کام لە دوو لایەنەکە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و دادگا نەبنەوە.

حکومەتی سووریا هەوڵی داوە هەسەدە لەناو سوپای نوێی سووریادا تێکەڵ بکات و هەندێک لە فەرماندە کوردەکانیش لە پۆستە باڵاکاندا ماونەتەوە؛ سیپان حەمۆ، یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی هەسەدە، بووەتە جێگری وەزیری بەرگری.

نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە کە بە ڕەچەڵەک کوردە، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئەو کەسایەتی و لایەنانەی دژی ڕێککەوتنی تێکەڵاوبوونی نێوان ئیدارەی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی ناوەندین، بەرپرسن لە هەڵگیرساندنی ئەم ئاڵۆزییانە.

ئەم لێدوانانەی پارێزگار لە کاتێکدا دێن کە گرژییەکان لە شاری حەسەکە ڕوویان لە هەڵکشان کردووە؛ لەوێ خۆپیشاندەرانی لایەنگری حکومەت هێرشیان کردە سەر هێما کوردییەکان و ئەمەش وایکرد هاووڵاتییانی کورد بە خۆپیشاندانی پێچەوانە وەڵام بدەنەوە.

لە هەمان کاتدا ئەمریکا ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە سووریایەکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری دەکات کە تیایدا کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە لە هاووڵاتیبوونی یەکسان، ئاسایش و بەشداریی کاریگەر لە حوکمڕانیدا سوودمەند بن.

نورەدین ئەحمەد ئاماژەی بە ڕەتکردنەوەی پڕۆسەی تێکەڵاوبوونەکەش کرد و گوتی: هەندێک کەسایەتی و لایەن دژی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقن و نایانەوێت جێبەجێ بکرێت. هەر بۆیە لە ڕێگەی دۆزینەوەی بیانووەوە هەوڵیان داوە یاری بە هەستی کۆمەڵگە بکەن تا جەماوەر بجووڵێنن.

ئەحمەد لەلایەن هەسەدەوە وەک پارێزگار دەستنیشان کرا و لەلایەن دیمەشقیشەوە پەسەند کرا؛ ناوبراو کەسایەتییەکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی ئاشتەوایی نێوان ناوچەکانی پێشووی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و حکومەتی ناوەندی، هەروەها تێکەڵکردنی دامەزراوەکانیان. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هەسەدەش ڕۆژی هەینی لە پارێزگای حەسەکە وتارێکی پێشکەش کرد و پابەندبوونی خۆی بە پڕۆسەی تێکەڵاوبوون دووپات کردەوە.

لەگەڵ ئەمانەشدا، هێشتا ڕوون نییە ئاڵۆزییەکان کەی هێور دەبنەوە.

بەرزکردنەوەی وێنەی سەددام حوسێن قووڵیی دابەشبوونە نەتەوەییەکان دەردەخات

لە میانەی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی هەینیدا، بەشێک لە خۆپیشاندەران وێنەی سەددام حوسێن، دیکتاتۆری پێشووی عێراقیان بەرزکردەوە. چەند هۆزێکی عەرەب لە دۆڵی ناوەڕاستی ڕووباری فورات لە نزیک حەسەکە، پەیوەندیی مێژوویی دێرینیان لەگەڵ هۆزەکانی عێراقدا هەیە و لە ڕووی مێژووییەوە مەیلیان بۆ لایەنگری لە سەددام حوسێن هەبووە.

زۆرینەی کوردان ئاگاداری ئەو جینۆسایدەن کە سەددام دژ بە گەلی کورد لە عێراق ئەنجامی دا؛ هەر بۆیە بەرزکردنەوەی وێنەکەی پەیامێکی ڕوونی دوژمنکارانەیە بەرامبەر بە کورد.

بەکارهێنانی وێنەی سەددام هاوکات دەربڕی بەردەوامیی هەستی بەشێک لە هۆزە عەرەبەکانە کە ڕەنگە پەیوەندییە مێژووییەکانیان لەگەڵ عێراق بەهێزتر بێت لە پەیوەندییەکانیان بە خودی سووریاوە.

میدیای فەرمیی دەوڵەتی سووریا بە تەواوی چاوی لە پێکدادانەکانی حەسەکە پۆشیوە. لەم نێوەندەدا، حکومەتی سووریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە بەدوای داڕشتنی ڕێکارێکی نیشتمانیدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وتاری ڕقوکینە.

گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی حەسەکە دەریدەخەن کە ڕیشەکێشکردنی وتاری ڕقوکینە پێویستی بە هەنگاوی کردەیی زۆر زیاترە لە تەنیا سازکردنی کۆبوونەوە و وۆرکشۆپ.

Back to top button