موراد قەرەیلان: جەنگی جیهانیی سێیەم دەستیپێکردووە

موراد قەرەیلان، فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی “ئامارگی” رایگەیاندووە، جەنگی سێیەمی جیهانی بە قۆناغ و بە تێپەڕبوونی کات سەریهەڵدا؛ شێواز و میتۆدەکانی لە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی جیاوازن. ڕووداوێکی لەناکاو و یەکجارەکی نییە، بەڵکو بە درێژایی کات دروست بوو، پەرەی سەند و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئەمە جەنگێکی جیهانییە لەنێوان هێزە سەرمایەدارییەکاندا کە لە پێناو باڵادەستیدا کێبڕکێ دەکەن؛ شەڕێکە لە نێوان ئەو هێزانەی بەدوای هەژموونی جیهانیدا دەگەڕێن. ئێوە باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتان کرد، بەڵام جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیاش هەیە کە تیایدا وڵاتانی ناتۆ پشتیوانی لە ئۆکراینا دەکەن”.

دەشڵێت: جەنگی سێیەمی جیهانی بە چەندین شێوازی جیاواز بەردەوامە. ئامانجی سەرەکی، چەسپاندنی هەژموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. جەمسەرە سەرمایەدارە جیهانییەکان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ترسیان لە چین هەیە. ئەمریکا و چین لەسەر زۆر ئاست ململانێ دەکەن، بەتایبەت لە بواری ژیریی دەستکرد (AI) و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێدا. ئەم هێزانە پێیان وایە چین لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا دەگاتە ئاستی ئەمریکا و باڵادەستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستدەهێنێت، سەرمایەدارانی ڕۆژئاواش ئەمە وەک هەڕەشەیەکی گەورە دەبینن. ئامانجی ئەم جەنگە بەرتەسککردنەوە و ڕاگرتنی پەلکێشانی چینە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەن ڕووسیا لاواز بکەن و ئێران تێکبشکێنن.

بەوتەی قەرەیلان، هەوڵ دەدەن هێڵێک لە میسرەوە تا کازاخستان دروست بکەن بۆ ئەوەی پێشڕەویی چین ڕابگرن؛ ئەمە بە ئاشکرا ناگوترێت، بەڵام ئامانجی بنەڕەتییە. سەرچاوەکانی وزە بۆ هێزە سەرمایەدارییەکان بایەخێکی چارەنووسسازیان هەیە؛ لە تەنیشت ئەوەشدا، کانزا دەگمەنەکانی زەوی کە بۆ بەرهەمهێنانی چیپ و پەڕەی وزەی خۆر بەکاردێن، هەروەها یۆرانیۆم وەک سەرچاوەیەکی گرنگی وزە. کۆنتڕۆڵکردنی ئەم سەرچاوانە ئامانجێکی سەرەکییە؛ شەڕەکە لەسەر سەرچاوە و ڕێڕەوەکانی وزەیە و چۆنیەتیی دەستبەسەرداگرتن و بەهێزکردنی باڵادەستییە لەم ڕووەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت، بەتایبەت جەنگی ئێستای نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، کە نەک هەر بەردەوام دەبێت بەڵکو ڕەنگە زیاتریش پەرە بسێنێت. بە گشتی، ناوچەکە ئێستا تەنیا ڕووبەڕووی جەنگی ئێران و ئەمریکا نەبووەتەوە، بەڵکو ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە؛ پێکدادانی نێوان سعودیە و حوسییەکان توندتر بووەتەوە، شەڕ بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، سووریاش لە دۆخی ناجێگیریدایە و ڕوون نییە سبەی چی ڕوودەدات. بە کورتی، جەنگی سێیەمی جیهانی لەناو ئەم چوارچێوەیەدا لە بەردەوامیدایە.

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا موراد قەرەیلان باسی لەوەکردووە، جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە: شەڕ بە چارەسەر نازانین. شەڕ هیچ چارەسەر ناکات، تەنیا ئازار و مەرگ و وێرانی بەرهەم دەهێنێت. بەڵام خەباتی جەماوەری لەسەر بنەمای ئاشتی و دیموکراسی دەستکەوتی زیاتر بەدەستدەهێنێت. ئێمە باوەڕمان بەمە هەیە و دەبێت ئەم خەباتە بەرەوپێش ببەین. هەندێک پێیان وایە ڕوانگەی نەتەوەی دیموکراتیک سەر ناگرێت و لە بەرژەوەندیی کورددا نییە، بەڵام ئەمە هەڵەیە. دوو ڕەگەزی سەرەکی هەن کە دەتوانن کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گەشەکردن بەرن:
یەکەم: بەرزکردنەوەی ئاڵای دیموکراسی و ئازادیی ژنان.
دووەم: پەرەپێدانی عەقڵیەتی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلان.

سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و ئەنجامەکانیشی دەڵێت: من نە گەشبینم و نە ڕەشبین. ئێمە ئەم پڕۆسەیە وەک پڕۆسەیەکی خەبات تێدەگەین. دەمانەوێت ڕێگایەک بۆ ئاشتی و چارەسەری بکەینەوە. وەک ئاماژەت پێدا، دوو ساڵە ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە هیچ هەنگاوێک نەنراوە کە ببێتە مایەی متمانە. ڕاستە هەلومەرجی ئیمراڵی کەمێک نەرمتر کراوە، شاند چوونەتە ئەوێ، لەنێوان ڕێبەر ئاپۆ و شاندی دەوڵەت، هەروەها لەنێوان بزووتنەوەکەمان و شاندی دەوڵەت لە دەرەوە دیدار و دیالۆگ هەیە؛ بەڵام دەوڵەتی تورک هێشتا متمانەی دروست نەکردووە.

Back to top button