گەورەترین گورزی بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەر پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان کەوتووە

مەشریق ڕاوی (37ساڵ) لەبەر بەرزبوونەوەی لەناکاوی بڕی قیستەکانی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە یەکێک لە پڕۆژەکانی پایتەخت (بەغدا)، هەست بە بێهیوایی دەکات، ئەمەش دوای ئەوە هات کە حکومەت دەستکاریی بەهای دۆلاری کرد.

حکومەت لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بڕیاریدا بەهای گۆڕینی دۆلار لە 1320 دینارەوە بەرز بکاتەوە بۆ 1520 دینار؛ هەنگاوێک کە مشتومڕێکی فراوانی لەناو ناوەندە سیاسی، ئابووری و جەماوەرییەکاندا دروستکردووە و بووە هۆی گرانبوونی لەناکاوی کاڵاکان.

ڕاوی، کە ئەندازیارە لە لێدوانێکدا دەڵێت: گۆڕانی بەهای دۆلار ناچاری کردووە ئەو قیستانەی ماویەتی بە نرخی نوێ بدات، بەمەش جیاوازییەکی دارایی خستووەتە سەر شانی کە هەرگیز چاوەڕوانی نەبووە.

دەشڵێت: “پێویستە سێ ملیۆن دیناری زیادە لەسەر هەر قیستێک بدەم، بەراورد بەو بڕەی پێشتر دەمدا، ئەم بڕیارە باری ئابووریی سەر شانمان وەک هاووڵاتییان قورستکردووە”.

پێشتر گفتوگۆی توند لەناو حکومەتەکەی عەلی زەیدیدا هەبووە بۆ پێداچوونەوە بە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی کاش و دابینکردنی مووچە، ئەم هەنگاوە شەپۆلێکی توندی گرانبوون دروست دەکات کە هێزی کڕینی هاووڵاتییان کەمدەکاتەوە و ڕێژەی هەژاری زیاتر دەکات، بێئەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانەکە بدۆزێتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی یەکە نیشتەجێبووەکان بە ڕێژەی 15٪

ماجد محەمەد، شارەزای کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە بەغدا، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەکەی گوتوویەتی: بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی لەسەر بازاڕی خانووبەرە هەبوو، بووە هۆی پەککەوتنی و زیانێکی ڕاستەوخۆیشی گەیاند کە هاووڵاتییان دەستبەجێ هەستیان پێکرد.

ڕوونی دەکاتەوە که گەورەترین کاریگەری لەسەر قیستی ئەو یەکە نیشتەجێبووانەیە کە بە دۆلار مۆڵەت دەدرێن و بە دینار دەدرێنەوە، چونکە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەهای قستەکە بە ڕێژەی زیاتر لە 15٪ زیاد دەکات. بۆ نموونە ئەگەر قستی مانگانە 1000 دۆلار بێت، ئەوا لانیکەم 200 هەزار دیناری زیادە دەخاتە سەر شانی هاووڵاتییەکە، ئەمەش هەندێک لە کڕیاران ناچار دەکات داوای سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی قیستەکان، درێژکردنەوەی ماوەی دانەوە، یان دانوستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی خانووبەرە بکەن.

کەرتی خانووبەرە و کەرەستەکانی باڵەخانە: گرانبوون پێش بڕیارەکە دەکەوێت

ئەو شارەزایەی بواری خانووبەرە دەڵێت کە گۆڕانی بەهای دۆلار تەواوکەری ئەو پەککەوتنە بوو کە لە مانگی تەممووزی ڕابردووەوە لە بازاڕدا دەستی پێکردبوو، بەتایبەت دوای جێبەجێکردنی پلاتفۆرمی (عەقاری) و هەڵگرتنی پاڵپشتی لە بەرهەمە نەوتییەکانی کارگەکان؛ بە جۆرێک نرخی یەک تۆن چیمەنتۆ لە 150 هەزار دینارەوە بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 260 هەزار دینار، نرخی خشتیش زیاتر لە 90٪ گران بوو و لە 650 هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی ملیۆنێک و 250 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.

بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان، بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕۆژی شەممە هۆشداری دایە سەرجەم کۆمپانیا و بازرگانان کە خاوەنی حەواڵەی پێشوەختەن، کە هیچ بڕە جیاوازییەکی پارە لەسەر هاوردەکردن نەخەنە سەر شانی هاووڵاتییان.

شارەزایان دەڵێن، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی فرۆشی شوقە، دواکەوتنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، کەمبوونەوەی قازانجی بەڵێندەران، و پەنابردنی خێزانەکان بۆ شوقەی بچووکتر یان ناوچەی هەرزانتر، جەختیش لەسەر پێویستیی چاودێریکردنی نرخەکان و پشتگیریکردنی پیشەسازیی ناوخۆیی دەکاتەوە.

سعەلی فالح زەیدی، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە بەردەم پەرلەماندا، هۆکاری گۆڕینی بەهای دۆلاری بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی گەروی هورمز و کورتهێنانی بوودجە گەڕاندەوە، و ڕایگەیاند کە حکومەت لەبەردەم سێ بژاردەدا بوو: پاشەکەوتی ناچاری، دابەشکردنی مووچە لە هەر 45 ڕۆژ جارێک، یان گۆڕینی بەهای دۆلار و قەرزارکردن.

فالح ساری، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە دا کە حکومەت ترلیۆنێک دیناری لە بانکی ناوەندییەوە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی نیشتەجێبوون تەرخان کردووە. لە بەرامبەردا، نوار سەعدی، مامۆستای ئابووریی نێودەوڵەتی، پێیوایە ئەم هەنگاوانە تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت بازاڕ هێور دەکەنەوە و بۆ سەقامگیریی درێژخایەن بەس نین.

Back to top button