
واشنتن و تەلئەبیب پلانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییە هاوبەشەکان دژی ئێران داڕشتووە، پێشبینیشی دەکرێت جێبەجێکردنی هێرشەکان بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکاوە، پلانەکەش دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و پێگە هەستیارەکانی پەیوەست بە کەرتی نەوت و پێترۆکیمیایی دەکەنە ئامانج.
پلانە پێشنیازکراوەکان بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەخۆدەگرن، لەنێویاندا ئەو پێگانەی کە دەکەونە ناوچەی “چیای قوڵنگ”، هاوشان لەگەڵ دامەزراوە پێترۆکیمیاییەکان،کە گرنگییەکی ستراتیژییان بۆ کەرتی وزەی ئێران هەیە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە تێڕوانینە ئێستاییەکان بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی ناگرێتەوە، وەک وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەو پلانانە لە میانی سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەی پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە هەفتەی ڕابردوودا تاوتوێ کراون، کە تێیدا ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی نوێ لەنێوان هەردوولادا ئەنجامدراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی بژاردە سەربازییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لە ئەگەری بڕیاردان لەسەر دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان.
پلانە ئامادەکراوەکان لە چاوەڕوانیی بڕیاری ترەمپدان
لە هەمان چوارچێوەدا، تۆڕی هەواڵی “سی ئێن ئێن” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ڕاوێژکارانی ترەمپ پلانێکی تۆکمەیان بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی نوێ لە دژی ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات و هەرکە بڕیار لە سەرۆکی ئەمریکاوە دەربچێت، جێبەجێ بکرێن.
تۆڕەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە دەڵێت: هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ ڕەنگە چڕ و کورتخایەن بێت، چونکە واشنتن کار لەسەر ئەوە دەکات بژاردەی سەربازی بە کراوەیی بهێڵێتەوە، هاوتەریب لەگەڵ ئەو لێدوانانەی باس لە نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی جەنگ دەکەن؛ بەمەش کاتی هەنگاوی داهاتوو پەیوەست دەبێت بە هەڵسەنگاندنی ئیدارەی ئەمریکا بۆ پێشهاتە مەیدانی و سیاسییەکان.





