
لە کاتێکدا باس لە پەرەسەندنی ڕۆڵی گروپی “عەسائیبی ئەهلی حەق” لە ناو حکومەتی عێراقدا دەکرێت، ناوی “لەیس خەزعەلی” وەک کارەکتەرێکی سەرەکی دەردەکەوێتەوە، ئەوەش لەدوای سەپاندنی سزا بەسەریدا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوی ژمارەیەک کەسایەتی عێراقی بڵاوکردەوە، کە سامانەکانیان بلۆکدەکرێت بەهۆی هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت، لەیس یەکێکە لەو کەسایەتیانەی ئەمریکا سزای داوە.
لەیس، برای قەیس خەزعەلی لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، لە تەنیشت سوپایەک لە ڕاوێژکاران کە ژمارەیان لە 100 کەس تێدەپەڕێت، وەک ڕاوێژکار دەستنیشان کرابوو.
لەو کاتەوەی سوودانی لە ساڵی 2022 وەک کاندیدی “چوارچێوەی هەماهەنگی” پۆستەکەی وەرگرتووە، میدیا ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە عەسائیب خاوەنی بەهێزترین هەژموونە لە ناو حکومەتدا، تا ئەو ئاستەی ئەوان حکومەتەکە بەڕێوە دەبەن.
شارەزایان باسیان لەوە دەکرد، سوودانی خاوەن بڕیار نەبووە، بەڵکو بڕیارەکانی لای لەیس خەزعەلی بووە و عەسائیب حکومەتی بەڕێوە بردووە، هەندێک کەس باسیان لەوەش دەکرد، لەیس نوێنەرایەتی قەیس-ی برای لە حکومەت دەکرد.
لەیس خەزعەلی سەرپەرشتی کەرتی دارایی عەسائیب دەکات و تۆڕێکی دارایی لە دەرەوەی عێراق دامەزراندووە. ئەم گروپە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی عێراق بە قاچاخ، سەرمایەیەکی زەبەلاحی لە ناوخۆ کۆکردووەتەوە و پاشان لە ڕێگەی “دەستەیەکی ئابووری” سێ کەسییەوە، پارەکانیان بۆ وڵاتانی ئەوروپی وەک ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا گواستووەتەوە و لەژێر ناوی هاوسەر و خزمەکانیان لە بانکە بیانییەکاندا دایانناوە.
“تیرۆریستێکی جیهانی”
بەپێی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2019، لەیس خەزعەلی یەکێکە لە سەرکردەکانی عەسائیب و بەشداربووە لە پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق. لە دوای ساڵی 2003 سەرەتا لە ڕیزەکانی ڕەوتی سەدر و سوپای مەهدی بوو، بەڵام لە ساڵی 2006 لەگەڵ براکەیدا جیابوونەوە و “عەسائیبی ئەهلی حەق”یان دامەزراند.
لەیس ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە هێرشەکەی ساڵی 2007 بۆ سەر کۆمەڵگەی حکومی لە کەربەلا کە بووە هۆی کوژرانی پێنج سەربازی ئەمریکی. بەو هۆیەوە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکرا و تا ساڵی 2009 لە زیندان مایەوە، پاشان لە ڕێگەی گرێبەستێکی ئاڵوگۆڕی بارمتە بەریتانییەکان ئازاد کرا. لە کۆتایی 2015شدا، تۆمەتبار کرا بە ئەنجامدانی تاوان دژ بە پێکهاتەی سوننە لە پارێزگای دیالە و ڕاگواستنیان. لە 3ی کانوونی دووەمی 2020، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا عەسائیبی خستە لیستی تیرۆر و لەیس و قەیس خەزعەلیشی وەک “تیرۆریستی جیهانی” پۆلێن کرد.
فرە پسپۆڕی و چالاکییەکان
لەیس خەزعەلی لە دایکبووی 1975ی بەغدایە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان، پێش ئەوەی لە کۆتایی 2023دا تێزی ماستەرەکەی پێشکەش بکات، لە پلاتفۆرمی ئێکس نازناوی “دکتۆر”ی بۆ خۆی بەکارهێناوە.
لە ئاداری 2023دا، پەیمانگای واشنتۆن ئاشکرای کرد کە چەند سەرکردەیەکی میلیشیاکان، لەوانە لەیس خەزعەلی، ئەبو زەینەب لامی و سامی مەسعوودی، لە خولی 26ی کۆلێژی جەنگی لە “زانکۆی بەرگری بۆ خوێندنە سەربازییە باڵاکان” بەشدارییان کردووە بۆ خوێندنی ئۆپەراسیۆن و فەرماندەیی ئەرکان.
جگە لە لایەنە سیاسی و سەربازییەکەی، چالاکوانان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەیس خەزعەلی خاوەنی چەندین کۆمپانیایە کە پڕۆژە خزمەتگوزارییە گەورەکانی حکومەتیان بۆ تەرخان کراوە، بەتایبەت پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی دەروازەکانی بەغدا، کە ڕەخنەی زۆری لێ دەگیرێت بەهۆی بوونی گەندەڵی و سستی لە جێبەجێکردنیاندا. هەرچەندە لەیس وەک ڕاوێژکاری سوودانی کار دەکات، بەڵام کەمترین دەرکەوتنی میدیایی هەیە و زیاتر لە پشت پەردەکانەوە کارەکان بەڕێوە دەبات.





