عەدنان دەرجال و مۆندیال؛ چیرۆکی عەشقێک کە هەرگیز پێی نەگەیشت

 

عەدنان دەرجال، ئەو پیاوەی دووجار نزیکبوو لە بەشداریکردن لە مۆندیال، بەڵام جارێکیان بەهۆی پێکانەوە و جارێکی دیکە بەهۆی دۆڕانی کورسی سەرۆکایەتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، چانسی بەشداریکردنەکەی لەدەستدا.

عەدنان دەرجال، سەرۆکی پێشووی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و یاریزانی دیاری ساڵانی هەشتاکانی هەڵبژاردەی عێراق، لەمێژووی کاروانی وەرزشی خۆیدا دوو جار چانسی بەشداریکردنی لە مۆندیال بۆ هەڵکەوتووە، یەکەمیان یەکێکە لە دراماتیکیترین و غەمگینترین چیرۆکەکانی مێژووی تۆپی پێی عێراق؛ کە بە یەک ڕستە کورت دەبێتەوە: “هەڵبژاردەکەی گەیاندە مۆندیال، بەڵام قەدەر ڕێگەی پێ نەدا یاری بکات”.

لە یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی مەکسیک لەساڵی 1986، عەدنان دەرجال سەرکردەی ڕاستەقینەی هێڵی بەرگری “شێرەکانی ڕافیدەین” و قەڵای دڵنیایی تیمەکە بوو. ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەکەی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغە ئاڵۆز و سەختەکانی پاڵاوتنەکە.

عێراق بەهۆی بارودۆخی جەنگی ئەو کاتەی لەگەڵ ئێران، سەرجەم یارییەکانی لە دەرەوەی خاکی خۆی ئەنجامدا، تا گەیشتنە یارییە یەکلاکەرەوە و مێژووییەکە لە دژی هەڵبژاردەی سووریا لە شاری تائیف، کە عێراق بە ئەنجامی 3-1 بردنەوەی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بلیتی گەیشتن بە مۆندیالی مسۆگەر کرد.

شۆکی چەند ڕۆژێک پێش مۆندیال

دوای ئەم دەستکەوتە مێژووییە و لەو کاتەی کە خۆی و هاوڕێکانی و هاندەرانی تۆپی پێی عێراق بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی یەکەمین دەرکەوتنیان بوون لەم کەرنەڤاڵە جیهانییەدا، عەدنان دەرجال لە کاتی کەمپی ڕاهێنان و کۆتا یارییە دۆستانەکانی هەڵبژاردەکەیدا تووشی پێکانێکی قورس و سەخت بوو، کە بەهۆیەوە لە یارییەکی تاقیکاریدا بەرامبەر تیپی بانگۆی بەڕازیلی بەشداری نەکرد و سەمیر شاکر لە شوێنی ئەو یاریی کرد.

دواتر دەرکەوت کە پێکانەکەی بەو شێوازە نییە کاتێکی کەمی بۆ چاکبوونەوە بوێت، بەڵکو پێکانێکی گەورەیە، بەمەش بڕیارە شۆککەرەکە درا کە بێبەش بکرێت لە گەشتکردن و یاریکردن لە یارییەکانی کۆتایی مۆندیالی 1986.

مێژوونووسان و ڕەخنەگرانی وەرزشی، نەبوونی دەرجالیان لە مۆندیال بەوە وەسف کرد کە تەنها نەبوونی یەک یاریزان نەبووە، بەڵکو وەک نەمانی هێڵێکی بەرگری تەواو وابووە؛ ئەمەش بەهۆی ئەو هەیبەتە گەورەیەی کە هەیبوو، لەگەڵ توانای بەرزی لە ئاڕاستەکردنی یاریزانان.

“ئیڤاریستۆ”ی ڕاهێنەری بەڕازیلی کە ماوەیەکی کورت پێش مۆندیال ئەرکەکەی پێسپێردرابوو، ناچار بوو داوای بەرگریکاری بەئەزموون نازم شاکر بکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە گەورەیەی کە دەرجال لە دڵی بەرگریدا جێی هێشتبوو.

یارینەکردن لە مۆندیالی 1986 بە تاڵترین وێستگە لە کاروانی وەرزشی عەدنان دەرجال وەک یاریزان مایەوە، دوای ئەوەی ساڵانی تەمەنی لە یاریگاکاندا بەخشی و هەموو نازناوە گونجاوەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی و کیشوەری بەدەستهێنا. دواتریش هەوڵیدا ئەم خەونە قەرەبوو بکاتەوە، چ وەک ڕاهێنەر لە پاڵاوتنەکانی 1994، و چ وەک سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق.

دوای 40 ساڵ مێژوو دووبارە بوەوە، بەڵام ئەمجارە جیاوازتر، کاتێک لە ڕۆژی شەممە 23-5-2026 هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی نوێی یەکێتی تۆپی پێی عێراق ئەنجامدرا، دەرجال و یونس مەحمود ڕکابەربوون بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، بەڵام بەزۆرینەی دەنگ یونس مەحمود بووە سەرۆکی نوێی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بەوەش خەونەکەی دەرجال بۆ گەیشتن بە مۆندیال دووبارە لەناوچوو.

Back to top button