سەرۆکە نوێیەکەی مۆساد دەبێتە مۆتەکەی ئێران؟

دوێنێ سێشەممە، لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا، لیوا “رۆمان گۆفمان” پۆستی سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)ـی وەرگرت. ڕێوڕەسمەکە پەیامێکی ڕوون و توندی بە ئاڕاستەی ئێران هەڵگرتبوو، ئەوەش ئەوەیە کە هەوڵەکانی ئیسرائیل دژی تاران کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو دەچێتە قۆناغێکی نوێ و بە بڕیارترەوە.

گۆفمان لە تەنیشت بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە ڕاوەستا و ڕایگەیاند: “هەنگاوەکانی ئیسرائیل دژی ئێران و تۆڕە هەرێمییەکەی، هاوسەنگیی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕیوە”.

لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە: “ئەرکەکە هێشتا تەواو نەبووە. ناوەڕۆکی کاری مۆساد لە چالاکییە نهێنییەکان دژی ئامانجەکانی دایە، ئێمە پارێزگاری لەم ئەرکە دەکەین بە هەر نرخێک بێت”.

هاوکات نەتەنیاهۆ بە ئاشکراتر تیشکی خستە سەر نیازە ستراتیژییەکە و گوتی: “ئەم ڕژێمەی تیرۆر لە جیهاندا بەرەو نەمان دەچێت، ئێمەش یارمەتی دەدەین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، و ئیتر جارێکی دیکە بە بۆمبی ناوەکی و هەزاران موشەکی بالیستیی کوشندە هەڕەشەمان لێ ناکەن”.

لێدوانەکانی نەتەنیاهۆ دەنگدانەوەی وتاری ماڵئاوایی دەیڤید بارنیای سەرۆکی پێشووی مۆساد بوو، کە گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی بە “ئامانجێکی مومکین و بەدەستهاتوو” وەسف کردبوو، کە پێویستی بە “بڕیار، سەبر و پابەندبوون” هەیە.

سەرۆکایەتییەکی ناوازە

گۆفمان (49 ساڵ) وەک کەسایەتییەکی جیاواز لە مێژووی مۆساد سەیر دەکرێت؛ لە ساڵی 1976 لە بیلاڕووس لەدایکبووە، ساڵی 1990 کۆچی کردووە بۆ ئیسرائیل، پیشەکەی لە سوپای ئیسرائیلەوە دەستیپێکردووە، بەر لەوەی ببێتە سکرتێری سەربازیی نەتەنیاهۆ.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی “ئێران ئینتەرناشناڵ”، گۆفمان ئەفسەرێکی پیشەیی و نەریتیی هەواڵگری نییە، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ناوخۆی ئیسرائیل دروست کردووە، چونکە لایەنگرانی بە فەرماندەیەکی “خاوەن ئەزموون” ناوی دەبەن کە ئەزموونی مەیدانیی ڕاستەوخۆی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و هاوپەیمانەکانی.

لە بەرامبەردا، ڕەخنەگران گومانیان هەیە لە گونجاویی گۆفمان، کە لە ڕووی سیاسییەوە نزیکە لە نەتەنیاهۆ و شارەزاییەکی قووڵی هەواڵگریی نییە بۆ سەرکردایەتیکردنی گرنگترین دەزگای هەواڵگریی وڵات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی “جیرۆزالیم پۆست”، گۆفمان خاوەنی “ناوبانگێکی باشە لە بوێریی کەسییدا”، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی گەیاندە باشووری ئیسرائیل بۆ بەشداریکردن لە شەڕ دژی چەکدارانی حەماس، کە لەوێدا بریندار بوە و گواسترایەوە بۆ چارەسەر.

خەونێکی ناخۆشە بۆ ئێران؟

شیکارانی ئیسرائیلی پێیان وایە دەستبەکاربوونی گۆفمان بە واتای بەردەوامبوونی فشارەکان و تەنانەت توندترکردنەوەیان دێت. بە وتەی بێنی سەبتی، توێژەری کاروباری ئێران لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، گۆفمان “پیاوێکی زۆر توندڕەوە دژی ئێران” و ئاماژە بەوە دەکات کە گەورەبوونی لە یەکێتیی سۆڤیەت “بیروبۆچوونەکانی بەرامبەر بە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان داڕشتووە”.

سەبتی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ساڵانەی گۆفمان وەک سکرتێری سەربازی کاری کردووە، “تێڕوانینێکی زۆر وردی” سەبارەت بە ستراتیژیی ئیسرائیل بەرامبەر تاران پێ بەخشیوە، پێشبینیش دەکات کە سەرنجی زیاتر بخرێتە سەر بەرنامەی ناوەکی و موشەکیی ئێران، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی بریکارە هەرێمییەکانی، بەتایبەت حیزبوڵڵا.

لەلایەکی دیکەوە “جیرۆزالیم پۆست” پێی وایە، “ڕووبەڕووبوونەوەی تاران و ڕێگریکردن لەوەی جارێکی دیکە پێگەی هەرێمیی خۆی بونیاد بنێتەوە”، دەبێتە لەپێشینەی ئەرکەکانی گۆفمان.

شارەزایان پێیان وایە گۆفمان تەنیا بە “کۆنترۆڵکردن” ناوەستێت، بەڵکو ڕەنگە مۆساد بەرەو ئەنجامدانی چالاکیی فراوانتر و ئازایانەتر پاڵ بنێت.

Back to top button