دوای تۆم باراک ئەمریکا دووەم بەهێزترین دیبلۆماتکاری دەنێرێتە عێراق

ئەمریکا کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەکەی لە عێراق دەگۆرێت، ئەو کەسەی بریارە پۆستەکە وەربگرێت دانوستانکارێکی وردە و هیچ فێڵێکی لێ ناکرێت، لە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان-یشدا بەشداریی لە دانوستانەکاندا کردووە.

ماڵپەڕی “ئەلمۆنیتەر”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت (پیتەر شیا)، دیپلۆماتکاری دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەک باڵیۆزی کاتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا دەستبەکاربێت و شوێنی (جۆشوا بێڵی) بگرێتەوە، کە ئەویش دیپلۆماتکارێکی پیشەگەرە، ئەمەش تا ئەو کاتەی باڵیۆزێکی هەمیشەیی دەستنیشان دەکرێت.

پیتەر شیا کێیە؟

پیتەر شیالە شاری وۆرستەر لە ویلایەتی ماساچوسێتس لەدایکبووە و گەورە بووە
خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە
بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی جۆرج تاون و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی ئەمریکی بەدەستهێناوە.
پیتەر ئەندامێکی پلەبەرز و بەئەزموونی بواری دیپلۆماسییە؛ لە ماوەی نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2025 ، پۆستی ڕاوێژکاری باڵای لە نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوەبردووە
هەروەها لە سێ ماوەی جیاوازدا، وەک جێگری بەوەکالەتی سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان کاری کردووە
پێشتریش پۆستی جێگری کۆنسوڵی گشتیی لە کۆنسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەستەنبوڵ، و پۆستی جێگری ڕاوێژکاری سیاسیی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عەممان پڕکردووەتەوە
ئەرکە دیپلۆماسییەکانی تری لە دەرەوەی وڵات، چەندین پۆستی جیاواز لە قاهیرە، بەغداد و مۆسکۆ لەخۆدەگرێت

لە ماوەی کارکردنیدا لە واشنتن، سەرۆکایەتی نووسینگەی کاروباری عێراقی سەر بە نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیکی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە، هاوکات بەرپرس بووە لە هەماهەنگیکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ڕێکخراوی پەیمانی ئەتڵەسی باکوور (ناتۆ) لە ئەفغانستان.

پێش پەیوەندیکردنی بە سڵکی دیپلۆماسییەوە، وەک ڕاوێژکاری باڵا لە بواری ئاسایشی نەتەوەییدا لە کۆمپانیای “بۆز ئالن هامیلتۆن” کاری کردووە.

لە حوزەیرانی 2025دا، کارەکانی لە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عەممان وەک کاربەڕێکەر دەستپێکرد، و لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا ئەرکی جێگری سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسی گرتەئەستۆ.

ناوی ناوبراو لە کاتی کارە سیاسییەکانیدا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قاهیرە و لە کاتی خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە سووتاندنی قورئان لە ساڵی 2011دا دەرکەوت؛ لەو کاتەدا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، پەیوەندی بە سەرکردە سەلەفییەکانەوە کردبوو.

سەبارەت بە عێراق؛ ناوبراو کاری لەسەر چەندین دۆسیەی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها بەشداری لە چالاکی و گفتوگۆ فەرمییەکانی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی دوای شەڕی دژی داعشدا کردووە.

لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی نووسینگەی کاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەرنجی سەرەکی لەسەر پشتگیریکردنی سەقامگیری و یەکپارچەیی عێراق بوو لە قۆناغی دوای شەڕی دژی داعش.

بەشداری لە کۆنفرانس و گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی عێراق، ڕەخساندنی هەلی کار و بەدیهێنانی سەقامگیریدا کردووە؛ هەمیشە جەختی لە گرنگیی گەشەپێدانی ئابووری و دووبارە بنیادنانەوەی ئەو ناوچانە دەکردەوە کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە.

گرنگییەکی زۆری بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و هەرێمی کوردستان دەدا؛ لەو چوارچێوەیەشدا بەشداری لەو گفتوگۆیانەدا کرد کە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017دا ئەنجامدران، و تێیدا داوای دیالۆگی نێوان هەردوولای دەکرد لە چوارچێوەی قەوارەیەکی سیاسیی سەقامگیردا.

Back to top button