دەنیز ئۆنداڤ ئەو کوردەی لەمۆندیالدا سەلماندی بەرخۆدان ژیانە

تا خولەکی 59 ئەڵمانیا وەک تیپێک دەردەکەوت کە بەهیچ شێوەیەک نەیدەزانی چۆن لە گۆڵی کۆت دیڤوار نزیک بێتەوە.

تیپەکەی جولیان ناگلسمان کۆنترۆڵی تۆپیان لابوو، بەڵام هیچ شتێکی تریان بەدەستەوە نەبوو؛ نە خێرایی، نە داهێنان، و نە غەریزەی کوشندە بۆ تێکشکاندنی بەرگریی ڕێکخراوی ڕکابەرەکەیان. گۆڵەکەی فرانک کیسێ لە خولەکی 30دا ئەنجامێکی سروشتیی باڵادەستیی کۆت دیڤوار بوو، تەنانەت دوای دەستپێکردنەوەی گێمی دووەمیش، هیچ شتێک بە ڕاستی گۆڕانکاریی بەسەردا نەهات. ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی ئونداڤ پێی نایە ناو یاریگاوە.

دەنگی هاندەران لە سەر کورسییەکانەوە بەرەو بەرزبوونەوە دەچوو. هەزاران هاندەر تەنها یەک ناویان دەوتەوە: “دەنیز ئونداڤ”. لە خولەکی 59دا، ناگلسمان ئونداڤی لەگەڵ نادیم ئەمیری هێنایە ناو یاریگاوە. کەمتر لە نۆ خولەک دواتر، ئەمیری تۆپێکی ڕەوانەی ناوچەی سزا کرد و ئونداڤیش بە لێدانێکی ڕاستەوخۆ گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ ئەڵمانیا تۆمارکرد.

بەڵام چیرۆکەکە لێرەدا کۆتایی نەهات

لە کاتێکدا کە یارییەکە بەرەو یەکسانبوون دەچوو، لە خولەکی 94دا ئونداڤ کەوتە نێوان دوو بەرگریکاری ناوەندی کۆت دیڤوار، پاسێکی خێرای لە فیلیکس نمێچاوە پێگەیشت، و نیو مەتر بۆشایی دۆزییەوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ لێدان ئامادە بکات. ئەو دوو دەستکاریی لە تۆپەکە کرد: یەکەم بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆپەکە و دووەمیش بۆ جوڵاندنی تۆڕی گۆڵ بە پێی چەپی. یاریگاکە هەژایەوە. ئەڵمانیا سەرکەوت بۆ قۆناغی 32.

ئەو پیاوەی کە هەرگیز بڕیار نەبوو بگاتە سەرکەوتن

تۆپی پێی ئەڵمانیا پێشتریش هێرشبەری نائاسایی بەخۆیەوە بینیوە

گەرد مۆلەر، کە بە “بۆمبهاوێژی نەتەوە” دەناسرا، ئەو لەبەر کورتیی باڵا و شێوازی نائاسایی جەستەی کەم سەیر دەکرا. میرۆسلاڤ کلۆزە، کە ئەڵمانییەکی لەدایکبووی پۆڵەندا بوو و دواتر کۆچی کرد بۆ ئەڵمانیا، پێش ئەوەی بگاتە ئاستی باڵا وەک یاریدەدەری دارتاش کاری دەکرد.

بەڵام مۆلەر، سەرەڕای پێکهاتە ناڕێکەکەی، هەمیشە لە چەقی تۆپی پێی ئەڵمانیادا بوو. کلۆزەش زۆر زوو لە ناو سیستەمی پیشەگەراندا وەرگیرا. لە بەرامبەردا، ئونداڤ ناچار بوو دەیەیەک زیاتر لە زۆربەی یاریزانانی هاوتەمەنی خۆی بجەنگێت، تەنها بۆ ئەوەی نیوەی ئەو متمانەیەی دەستبکەوێت کە ئەوانی تر لە سەرەتاوە هەیانبوو.

ئونداڤ تەنها لە دەرەوەی ڕێڕەوە نەریتییەکەی تۆپی پێی ئەڵمانیا نەبوو، بەڵکو ئەو لە خێزانێکی کۆچبەردا گەورە ببوو کە ناسنامەکەیان هێشتا ڕووبەڕووی نکۆڵی لێکردن دەبێتەوە. ئەو لە خێزانێکی کوردی ئێزیدییەوە هاتووە. ڕەگی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گوندێکی نزیک وێرانشار لە رووها . کۆچی خێزانەکەی بۆ ئەڵمانیا بەشێکە لە چیرۆکی ئەو سەرکوتکاری و ئاوارەییەی کە زۆرێک لە کوردان لە ساڵانی هەشتاکاندا لە تورکیا ڕووبەڕووی بوونەوە.

ئەو چاوپۆشی لەوە نەکرد کە خەڵکی کوێیە و هەرگیز هەوڵی نەدا ڕەچەڵەکی خۆی بشارێتەوە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە دوو ساڵ لەمەوبەریدا، کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی سکای وەک یاریزانێک کە “ڕەگی تورکی” هەیە وەسفی کرد، ئونداڤ دەستبەجێ ڕاستی کردەوە و وتی کە ئەو “ڕەگی کوردی” هەیە نەک تورکی.

بەهۆی ئەم هەڵوێستەیەوە، و لەبەر ئەوەی هەرگیز نەیویستووە یاری بۆ تورکیا بکات، بووە ئامانجی گروپە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی تورکیا. لە تشرینی یەکەمی 2025دا، لە کاتی یارییەکدا بەرامبەر فەنەرباخچە لە تورکیا، هەزاران هاندەر بە “خاین” و “تیرۆریست” ناویان برد، لە کاتێکدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ ببوون لە نامەی ڕق و کینە دژی ئەو. بۆ ئونداڤ، ئەمە یەکەمجار نەبوو کە تێبگات بۆ هەندێک کەس، ناسنامە هێشتا لەسەرووی تۆپی پێوەیە.

بۆ کوڕێک کە لە ئاخیم گەورە ببوو، کە تەنها چەند کیلۆمەترێک دوورە لە یاریگای ڤێسەرستادیۆن، پەیوەندیکردن بە ئەکادیمیای ڤێردەر برێمن لە تەمەنی 10 ساڵیدا وەک هێنانەدی خەونێک وابوو. خێزانەکەی عاشقی ڤێردەر بوون و دینیز خەونی بە پۆشینی درێسی سەوز و سپییەوە دەبینی. پێنج ساڵ و نیو لە ئەکادیمیای یانەکەدا تێپەڕی و هەموو شتێک ئاسایی دەبینرا. بەڵام کاتێک تەمەنی بوو بە پانزە ساڵ، ڕاهێنەرەکان بڕیاریاندا دەریبکەن.

هۆکارەکە ئەوە نەبوو کە ئەو خراپ یاری دەکرد یان بەهرەی نەبوو. پێیان وترا کە ئەو “زۆر کورتە و زۆر قەڵەوە” بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی پیشەگەر. شێوازی جەستەی کێشەکە بوو. ئەو بە سادەیی لەگەڵ ئەو وێنە نەریتییەدا نەدەگونجا کە زۆرێک لە ئەکادیمیا ئەڵمانییەکان بۆ هێرشبەران هەیانبوو، کە بریتی بوو لە باڵابەرز و ڕێک.

ساڵانێک دواتر، ئونداڤ ئەو ساتەی بەبیر هێنایەوە: “پێموابوو من لە هەندێک یاریزان باشترم، بەڵام ئەوان شانسی زیاتریان پێ نەدام. دڵم شکا. بۆ ماوەیەک، باوەڕم بەوە نەما کە بتوانم ببمە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ.”

بۆ زۆرێک لە خەڵکی، ئەمە دەبووە کۆتایی چیرۆکەکە. بەڵام بۆ ئونداڤ، ئەمە تەنها سەرەتا بوو.

گەشەکردوویەکی درەنگوەخت

لە کاتێکدا زۆرێک لە یاریزانانی هاوتەمەنی ئەو لە تیپە نیشتمانییەکانی لاوانی ئەڵمانیادا یارییان دەکرد، ئونداڤ کاتژمێر چواری بەیانی لە خەو هەڵدەستا، وەک کرێکار کاری دەکرد و پاشان ئێواران مەشقی دەکرد.

لەو ساڵانەدا، کاتێک پارەی تۆپی پێ بەشی دانی چەک و خەرجییەکانی نەدەکرد، هیچ بانگهێشتنامەیەکی لە تیپی نیشتمانی لاوانەوە پێی نەگەیشت. لە یانەکانی تی ئێس ڤی هاڤێڵس (TSV Havelse)، ئاینتراخت براونشوایگ دوو، و دواتریش ئێس ڤی مێپێن (SV Meppen)، ئەو گۆڵی تۆماردەکرد و ئاماری سەرنجڕاکێشی پێشکەش دەکرد. بەڵام تۆپی پێی ئەڵمانیا بایەخێکی کەمی بە هێرشبەرێک دەدا کە لە ڕێگەی سیستەمی باوی ئەکادیمیاوە نەهاتبوو. ئەم دۆخە گۆڕا کاتێک یانەیەکی خولی پلە دووی بەلجیکا سەرنجی خستەسەر.

لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانەی یونیۆن سانت گیلۆاز (Union Saint-Gilloise)، ئونداڤ بووە پاڵەوانی خولی پلە دووی بەلجیکای 2021، یارمەتی یانەکەی دا بگاتە خولی پلە یەک، و خۆیشی وەک گۆڵکاری خولەکە کۆتایی پێهێنا. لە وەرزی دووەمیدا، دیسانەوە بە تۆمارکردنی 26گۆڵ بووەوە بە گۆڵکاری خولەکە.

سەرکەوتنەکانی گواستنەوەیەکی تری بۆ دەستەبەرکرد، ئەمجارەیان بۆ یانەی برایتۆن ئەند هۆڤ ئەلبیۆن لە خولی نایابی ئینگلیزی (پریمیەر لیگ). بەڵام لەوێ، لە دوای یاریزانانی وەک دانی وێلبێک، جواو پێدرۆ، و ئیڤان فێرگسۆن، زیاتر لەسەر کورسی یەدەگ دادەنیشت. هێشتا لە کاتە کورتەکاندا کوالیتی خۆی نیشان دەدا، بەڵام ئەو تەماحی لەوە گەورەتر بوو کە تەنها یاریزانێکی کاریگەری یەدەگ بێت، بۆیە لە ساڵی 2023دا، دوای چوار ساڵ دوورکەوتنەوە، گەڕایەوە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی بە خواستن یاری بۆ یانەی ڤی ئێف بی شتوتگارت بکات، پێش ئەوەی لە ساڵی 2024دا گرێبەستەکەی بکاتە هەمیشەیی.

دەستپێکی لەگەڵ شتوتگارت تەقینەوە بوو: 18 گۆڵ و نۆ ئەسیست لە یەکەم وەرزیدا، کە شتوتگارتی گەیاندە پلەی دووەم. ساڵێک دواتر، 13 گۆڵی تۆمارکرد، و لە وەرزی 2025-2026دا بە تۆمارکردنی 19 گۆڵ بووە دووەم گۆڵکاری خولی بۆندیسلیگا لە دوای هاری کەین. لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، ئونداڤ 25 گۆڵی تۆمارکرد، و پڕبەرهەمترین هێرشبەری ئەڵمانی بوو کە لە پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپادا لە ساڵی 2026دا یاری بکات.

ئامارەکانی بۆ تیپی نیشتمانیش بە هەمان شێوە نایابن. لە یەکەم یازدە یاری نێودەوڵەتی خۆیدا، نۆ گۆڵ و چوار ئەسیستی تەنها لە 437 خولەکدا تۆمارکرد، واتە بە تێکڕا لە هەر 33 خولەکێکدا بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی لە گۆڵەکاندا هەبووە.

گەرد مۆلەر لە یازدە یاری یەکەمی خۆیدا 12 گۆڵی تۆمارکردبوو، بەڵام ئەو لە سەرجەمیاندا لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوو. میرۆسلاڤ کلۆزە شەش گۆڵ و تۆماس مۆلەر چوار گۆڵیان تۆمارکردبوو. هیچ هێرشبەرێکی ئەڵمانی لە سی ساڵی ڕابردوودا بەو شێوەیەی ئونداڤ دەستی پێ نەکردووە.

هێشتا لە پێناو متمانەدا دەجەنگێت

تەنانەت ئێستاش، لەگەڵ هەموو ئەم گۆڵانە و ناوبانگە گەشەسەندووەیدا، هێشتا شتێک بە ناتەواوی لە نێوان دەنیز ئونداڤ و تیپی نیشتمانی ئەڵمانیادا دەمێنێتەوە. جولیان ناگلسمان هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی لەکورسی یەدەگەوە ئۆنداڤ دەستپێبکات.

دوای سەرکوتنی ئەڵمانیا بەسەر غانادا لە مانگی ئازاردا، ناگلسمان ڕایگەیاند کە ئاستی گشتی ئونداڤ پێش گۆڵەکەی بەڕاستی قەناعەتی پێ نەکردووە و وتیشی کە ماندوو بووە. ڕۆژی دواتر، دوای کاردانەوەیەکی زۆر، ڕاهێنەرەکەی ئەڵمانیا بە شەخسی تەلەفۆنی بۆ ئونداڤ کرد و داوای لێبوردنی لێکرد. هەرچەندە شێوازەکە نەگۆڕاوە: ئونداڤ هێشتا لەسەر کورسی یەدەگەوە دەستپێدەکات، پاشان لە دەوروبەری خولەکی 60 دێتە ناو یاریگا و یارییەکە دەگۆڕێت.

بەڵام، دوای درەوشانەوەی بەرامبەر کۆت دیڤوار لە دووەم یاری ئەڵمانیا لە مۆندیالدا، ناگلسمان لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ میدیا ئەڵمانییەکاندا دانی بەوەدا نا کە رەنگە کاتی ئەوە هاتبێت پێداچوونەوە بە هەندێک لە بڕیارەکانیدا بکاتەوە.

خاوەنی خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونی و پاڵەوانی مۆندیالی ئەڵمانیا، لۆتار ماتیۆس، پێیوایە کاتی ئەوە هاتووە کە ئونداڤ لەوە زیاتر بێت کە تەنها وەک “سوپەر یەدەگ” (یاریزانی جێگرەوەی ناوازە) سەیر بکرێت. کاپتنی پێشووی ئەڵمانیا ئاماژەی بە ئامار و ئاستی ئەو کرد و وتی کە هیچ یاریزانێک نایەوێت تەواوی ژیانی وەرزشی خۆی لەسەر کورسی یەدەگ بەسەر ببات، و پێداگری کرد کە ئونداڤ شایستەی شوێنێکە لە پێکهاتەی سەرەکیدا.

تۆپی پێی ئەڵمانیا هەمیشە زیاتر متمانەی بە ڕێڕەوە نەریتییەکان کردووە: ئەو یاریزانانەی لە ئەکادیمیا گەورەکانەوە دێن، ساڵانێک لە تیپەکانی لاواندا بەسەر دەبەن، و هەنگاو بە هەنگاو بە سیستەمەکەدا سەردەکەون، بەزۆری متمانەی زیاتریان پێدەدرێت. ئونداڤ ڕێگەیەکی تری گرتەبەر. ئەو ناچار بوو لە دەرەوە خۆی بەسەر تۆپی پێی ئەڵمانیادا بسەپێنێت.

ڕێڕەوەکەی ئونداڤ بە زۆر شێواز گوزارشت لە ڕۆحی دروشمە کوردییەکە دەکات: “بەرخودان ژیانە”. ئەو ڕەتیکردەوە خۆی بەدەستەوە بدات، و ئێستا ئەو لەو شوێنەیە کە هەمیشە پێی وابەستە بووە.

Back to top button