
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ی ئابی 2026)، ئەدەبی کوردی یەکێک لە گەورەترین کۆڵەکەکانی خۆی لەدەستدا؛ حوسێن عارف، ڕۆماننووس، یاساناس و بیرمەندی ناسراو، لە شاری سلێمانی و دوای کاروانێکی زێڕینی 70 ساڵە لە خزمەتی بێوچان، لە تەمەنی 90 ساڵیدا ماڵئاوایی کۆتایی لە ژیان کرد.
حوسێن عارف کە لە ساڵی 1936 لە سلێمانی لەدایکبووە، بە داڕێژەری یەکەمین بناغەکانی ڕۆمانی مۆدێرنی کوردی دادەنرێت، بەتایبەتی لە ڕێگەی شاکارە ناودارەکەیەوە بە ناوی ڕۆمانی “شار” کە وەک ئاوێنەیەک بۆ ئازار و مێژووی کورد دەبینرێت. ناوبراو لە ماوەی تەمەنیدا زیاتر لە بیست بەرهەمی ئەدەبی و لێکۆڵینەوەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، کە دیارترینیان بریتین لە: “گەلە گورگ”، “چای شیرین” و “تەمەنێک لە بەندەستی”.
جگە لە لایەنە ئەدەبییەکەی، حوسێن عارف وەک یاساناس و سیاسەتمەدارێکی بوێر دەناسرا؛ ئەو لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ئەندام بوو، ئەو لە پەرلەمان ئەندامی فراکسیۆنی سەوز بوو و لەنێو لیژنەکانی پەرلەمانیش ئەندامی لیژنەی کاروباری یاسایی بوو. بەدوای ڕووداوەکانی 31ی ئاب، حوسێن عارف لەگەڵ چەندین پەرلەمانتاری دیکە دژ بە شەڕی چەکداریی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لەناو پەرلەمانی کوردستاندا مانییان گرت.
حوسێن عارف یەکێک لە دامەزرێنەرانی گرووپی ڕوانگە بوو، لە یەکێک بوو لە گروپە کاریگەرەکانی ئەدەبی کوردی و لەپاڵ شێرکۆ بێکەس-دا، دوان لە نوسەرە گرنگەکانی ئەو گرووپە بوون.
بەرهەمەکانی حوسێن عارف
حوسێن عارف، شار، بەرگی یەکەم: 1986، بەرگی دووھەم: 2001؛ سلێمانی.
حوسێن عارف، چای شیرین: سەرجەم چیڕۆکە کورتەکان
حوسێن عارف. گەلە گورگ. چوار چیرۆک. 1983.
حوسێن عارف، کۆکتێل، زنجیرەی کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2005؛ 286 پ.
حوسێن عارف، تەمەنێک لە بندەستی: ڕووداو و کارەساتەکانەوە، 2 ب
حوسێن عارف، توێشووی سەفەرێکی سەخت
حوسێن عارف، بیبلیۆگرافیای دوو ساڵەی تەمەنی کاروان 1984-1982
حوسێن عارف، ئەندێشەی مرۆڤێک
حوسێن عارف، ساڵێک لە تەمەن: بیرەوەری حسێن عارف
حوسێن عارف، شانۆگەری جەنابی جانەوەر
حوسێن عارف، قوتابخانەی شیعری تازە
حوسێن عارف، ھێلانە
حوسێن عارف، کڵافەیەک ژانی تووڕە
لێکۆڵینەوە
حوسێن عارف، چیڕۆکی ھونەریی کوردی
حوسێن عارف، بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی
حوسێن عارف، روانگە و یاران و نەیارانی
حوسێن عارف، لە کۆڕی خەباتا: چیرۆک لە بەرھەمی دوای شۆڕش
حوسێن عارف، نووسینەوەکانم لە بواری رەخنە و لێکۆڵینەوەدا ساڵانی 1988-1955





