
ئامەد موسلیم، کوڕی ساڵح موسلیم راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر باوکم بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی مریەمانە لە شارۆچکەی عەنکاوە کۆچی دواییکرد.
بە گوتەی ئامەد، باوکی دەمێک بوو نەخۆشیی گورچیلەی هەبوو، ماوەیەک بوو لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی شوشتنەوەی گورچیلەی بۆ دەکرا، بەڵام هەفتەیەک بوو لە نەخۆشخانەی مریەمانە لە عەنکاوەی هەولێر خەوێندرابوو.
سەبارەت بە مەراسیمی ناشت و پرسەی ساڵح موسلیم، ئامەدی کوڕی گوتی: “سبەی کاتژمێر 8:00 بەیانی تەرمەکەی لە شاری هەولێر بەڕێدەکرێت بۆ رۆژئاوای کوردستان و لە شاری کۆبانێ بە خاکدەسپێردرێت.”
ئەبو وڵات، نازناوی یەکێک لە کەسایەتییە هەرە بەهێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، کە ئەویش ساڵح موسلیمە، پیاوێک کە خۆی شەڕڤانی ڕێگەی ئازادی کوردبووە و شەڕڤانی کوڕیشی لەو پێناوەدا شەهید بوو.
ساڵح موسلیم، باوکێکی جەرگ سوتابوو، کوڕە هەژارێکی گوندی شێرانەی سەر بە کۆبانێ بووە، لەبارەی خۆیەوە دەڵێت: من هیچ کۆشک و ڤێلایەکم نیە و هەرگیز لەسەر دە حەریر و سیسەمدا نەنوستوم. مردووی ئەوە نیم ببمە هاوەڵی سەرۆکەکان. تەنیا یەک کورسیشم هەیە ئەویش دایکی شەهید شەرڤان بە تەل بۆی چاککردووم.
ساڵح موسلیم بەهۆی بەهێزییە سیاسییەکەی و دووربینییەکەی وەك سەرکردەیەکی کاریگەر، لە سوریا دەزگای هەوڵگریی ئەو وڵاتە و لە تورکیاش دەزگای هەواڵگریی میت بە دوایەوە بوون بۆ ئەوەی دەستگیریی بکەن. هەر بۆیە ڕۆژی 25-02-2018 لە پراگ لەسەر داوای تورکیا دەستگیرکرا، بەڵام دواتر بە فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئازادکرا.
شەرڤانی کوری ساڵح موسلیم ساڵی 2013 لە شەڕی ئازادکردنی ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدکرا، دایکی شەڕڤان لەو کاتەدا وتی نەکەن بۆ شەرڤان بگرین چونکە شەرڤانی کوڕم شەهیدە، شانازی دەکەم کە بومەتە دایکی شەهیکی ئەم وڵاتە.
ساڵح موسلیم ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) بوو، ڕۆژی چوارشەممە 11-3-2026 بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
ژیاننامە:
ساڵح موسلیم مەحەممەد، لەدایكبووی ساڵی 1951 لە گوندی شێرانە سەر بە كۆبانێ لەدایكبووە
٠ هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە، گەورەترین حیزبی ڕۆژئاوای كوردستان بووە. خێزاندارە و خاوەنی پێنج منداڵە
٠ لە شاری كۆبانێ قۆناغی سەرەتایی خوێندووە و قۆناغی ئامادەیی لە قوتابخانەی ئەلكەواكیب لە شاری حەلەب تەواوكردووە.
٠ بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانكۆی تەكنیكی لە ئیستەنبووڵ – كۆلێژی ئەندازیاریی كیمیا بەدەستهێناوە.
٠ دوای تەواوكردنی قۆناغی زانكۆ بەرەو لەندەن بەڕێدەكەوێت بەمەبەستی فێربوونی زمانی ئینگلیزی.
٠ پاش گەڕانەوەی لە بەریتانیا، دەچێتە وڵاتی سعوودیە و دەبێتە کارمەند لە دەزگای پترۆمین سەر بە وەزارەتی نەوتی سعوودیە، ھەر لەوێ لەڕێگەی چەند کوردێکەوە دەبێتە ئەندام لە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK).
٠ ساڵی 1990 دەگەڕێتەوە کۆبانی و کاری ئاسایی خۆی دەکات وەک ئەندازیارێکی کیمیاوی بێ ئەوەی لە کاری حیزبی و سیاسی داببڕێت.
٠ لەگەڵ دامەزراندنی لە ساڵی 1998، ساڵح موسلیم دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی جڤاکی نیشتمانی دیموکراتی (التجمع الوطنی الدیموقراطی).
٠ بۆ برەودان بە خەباتی ھاوچەرخی کوردایەتی لە ڕۆژئاوای كوردستان، پارتی پەیەدە (پارتی یەکێتی دیموکراتی) لەساڵی 2003 دامەزرا و ساڵح موسلیم تێیدا بووەتە ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردن.
٠ لە ساڵی 2003ـەوە بەردەوام لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەكانی سووریاوە چاودێری كراوە و چەندین جاریش دەستگیركراوە، لە مانگی ئەیلوولی 2010، لە کۆنگرەی چوارەمی پەیەدە کرا بە سەرۆکی حیزبەكە.





