
شەوی 11-3-2026 ساڵح موسلیم سیاسەتمەداری دیاری رۆژئاوای کوردستان لە شاری هەولێر بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. مردنەکەی هاوکات بوو لەگەڵ دەنگی تەقینەوەی درۆن و جۆشوخۆرشی خامۆش نەبووی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ساڵح موسلیم ڕۆیشت، بەڵام ڕۆیشتنەکەی پەردەی لەڕووی ئەو خەیاڵە هەڵماڵی، کە هەموان دوای هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بۆیان دروست ببو؛ یەکگرتووی سەرکردەکانی کورد.
بەر لەمردنەکەی، ساڵح موسلیم، ماوەیەک بوو لە شاری هەولێر چارەسەری پزیشکیی وەردەگرت، کورد مۆنیتەر لەگەڵ بەشێک لەو کەسانەی هاوەڵی ڕۆژانی نەخۆشخانەی بوون قسەی کرد، ئەوان باسیان لەوەکرد، هیچ سەرکردەیەکی کورد لە نەخۆشخانە سەردانی ساڵح موسلیم-ی نەکرد.
لەکاتی مردنی ساڵح موسلیم دا بەشێک لە سەرکردەکانی باشووری کوردستان پەیامی هاوخەمییان بۆ نارد، بەشێک لە پەیامەکان گەرموگوڕ بوون و ستایشی ساڵانی خەباتی موسلیم بوون، بەشێک لە پەیامەکانیش ساردوسڕ بوون، تەنها بۆ ئەوەبوو لەو بۆنەیەدا پەیامێکیان هەبێت، بەشێک لە سەرکردەکانیش هیچ پەیامێکیان نەبوو.
نێچیرڤان بارزانی و ستایشکردنی خەباتی ساڵح موسلیم
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ مردنی ساڵح موسلیم بڵاوکردەوە، بەراورد بە پەیامی بەرپرسانی باڵای پارتی چ لە حکومەت چ لە حزب، پەیامێکی گەرم بوو، سەرۆکی هەرێم نوسیبووی: ئەو سیاسەتمەدارە کوردە تەمەنێکی درێژی لەپێناو خەباتی سیاسی و ناساندنی مافە رەواکانی گەلی کورددا بەسەر برد.
بارزانی باوک و بارزانی کوڕ؛ دوو پەیام و یەک ناوەڕۆک
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەیامەکەیدا بۆ مردنی ساڵح موسلیم بە چەند وشەیەک نوسیبووی:”بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو ساڵح موسلیم، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری دەکەم و لە خودای گەورە داواکارم رۆحی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات”. بارزانی لە پەیامەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بە خەبات و پێگەی ساڵح موسلیم لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژئاوای کوردستان نەدابوو، لەپەیامێک دەچێت بۆ هاووڵاتییەکی ئاسایی، نەک سەرکردەیەکی سیاسی.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی سەرۆکی پارتی بەکۆمەڵێک گۆڕانکاریی بچوک لە شوێنی وشەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتبووی: “بۆ کۆچی دوایی کەسایەتی و سیاسەتمەداری ناسراوی کورد ساڵح موسلیم، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هەڤاڵانی دەکەم و هاوبەشی خەمیانم”.
بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، پەیوەندیی و پەیامێکی گەرمتر
لەنێو سەرکردەکانی باشووری کوردستان دا هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی گەرمیان بۆ مردنی ساڵح موسلیم بڵاوکردەوە. بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا نوسیبووی: ساڵح موسلیم وەک یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان رۆڵی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا بەرچاو بوو و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فاکتەرێکی بەهێزی یەکدەنگیمان بوو بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلەکەمان.
قوباد تاڵەبانی-ش نوسیبووی: کۆچی دوایی ساڵح موسلیم، سەرکردەی مەزن و خەباتکاری ناسراوی کورد ناخۆشترین و دڵتەزێنترین هەواڵە بۆ هەر کوردێک و بۆ هەر دۆست و دڵسۆزێکی کورد.گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان لەم قۆناغە سەختەدا زۆر پێویستییان بە حیکمەت و شارەزایی و ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی لە سەرکردایەتیدا هەبوو.
هۆکاری گەرموگوڕی لە پەیامی یەکێتی و جۆرێک لە پەیامی ئاسایی لەلای پارتی، دەگەڕێتەوە بۆ دابەشبوونی سیاسی ئەو دوو حزبە هەم لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان و هەم لەگەڵ پەیەدە، یەکێتی نزیکییەکی زۆری لەگەڵ ساڵح موسلیم و پەیەدە هەیە، بەپێچەوانەوە پارتی هەمیشە لە ناکۆکیدا بووە لەگەڵ هەردوکیان دا.
تەنها یەکگرتوو پرسە نامەی بڵاوکردەوە، کۆمەڵ و بزوتنەوە بێدەنگن
لەنێو حزبە ئیسلامیەکان دا، تەنها یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پرسەنامەی ئاڕاستەی خانەوادەی ساڵح موسلیم کردووە. سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەکگرتوو لە پەیامەکەیدا دەڵێت: كۆچی سیاسەتمەدار (ساڵح موسلیم) خەسارەتێكی گەورەی گەلەكەمانە، بەم بۆنە خەمناكەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەرێزو بەرێزانی سەركردایەتی خۆسەری رۆژئاڤا دەكەین. ئەمینداری یەکگرتوو هەم ئاماژە بە خەباتی ساڵح موسلیم دەکات، هەم دان بە ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان دەنێت. لەکاتێکدا ئەو حزبە لە زۆر بۆنەدا بە هەبوونی پەیوەندییەکی گەرموگوڕ لەگەڵ تورکیا ناوزەدکراوە.
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان هیچ پەیامێکی بۆ مردنی ساڵح موسلیم بڵاونەکردەوە، کورد مۆنیتەر لەگەڵ دوو سەرکردەی کۆمەڵ قسەیکرد، ئەوان گوتیان: بۆچونی سیاسی و ئاینیمان جیاوازە، ساڵح موسلیم و حزبەکەی بڕوایان بەوە هەبووە دین سەرچاوەی یاسادانان نەبێت، بۆیە قورسە هاوخەم بین لەگەڵ کەسێکدا کە جیاوازی بۆچوونمان هەیە.
کورد مۆنیتەر لەو دوو سەرکردەیەی کۆمەڵی دادگەری پرسی: بەڵام خۆ یەکگرتوو حزبێکی ئیسلامیە و بەوپێیە بێت دەبێت ئەوانیش جیاوازیی بۆچوونیان لەگەڵ ساڵح موسلیم هەبێت، بەڵام ئەمیندارەکەیان پەیامی بۆ مردنەکەی ناردووە، بەڵام ئەو دوو سەرکردەیەی کۆمەڵ گوتیان: ئەوان ئازادن.
بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە هەمانشێوە هیچ پەیامێکی بۆ مردنی ساڵح موسلیم نەبوو.
ئۆپۆزسیۆن دابەش بوون
ڕەوتی هەڵوێست بە سەرۆکایەتی عەلی حەمەساڵح پەیامێکی هاوخەمیی بۆ کۆچی دوایی ساڵح موسلیم بڵاوکردەوە و نوسیبووی: ساڵح موسلیم، لە پێناوی دۆزی ڕەوای گەلی کورد ڕاستگۆیانە تێکۆشانی کرد.
بەڵام نەوەی نوێ کە بەگوێرەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 15 کورسییە و یەکەم هێزی ئۆپۆزسیۆنە لە هەرێمی کوردستان، هیچ پەیامێکی بۆ مردنی ساڵح موسلیم نەبوو. بەگشتی لە زۆرێک لە پرسە نیشتمانیەکاندا نەوەی نوێ بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و وێنەکەی وا دەردەکەوێت تەنها هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بێت لە چوارچێوەی هەولێر و سلێمانی دا.





