
مێژووی نوێی جیهان شاهیدی بۆ زۆرێک لە سەرکردەی ئەو وڵاتانە دەدات کە بەرلەوەی بڕوخێن، یاخود سەرۆکەکانیان دووربخرێنەوە، هانایان بۆ خەڵکی خۆیان بردووە و لەنێو شەقامی گشتی دا، لەگەڵ خەڵکیی قسەیان کردووە، لەکاتێکدا بەر لەوەی بکەونە ئەو دۆخەوە بەدەستێکی پۆڵایین دژی خەڵکەکەیان وەستابوونەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران نمونەیەکی زیندووی ئەو تێگەیشتنەیە لە سەرکردە و سەرۆکەکان، کاتێک دەکەونە دۆخێکی سەختەوە هانا بۆ خەڵك دەبەن، ڕۆژی هەینی لە سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بۆ وەزیرەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەقامەکانی تاران دا دەسوڕانەوە و دەیانویست پەیامی ئەوە بدەن بە خەڵک، کە هەموو شتێک ئاساییە، تەنانەت بەرپرسانی ئێران ستایشی خەڵکی وڵاتەکەیان دەکرد، لەکاتێکدا هەر چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بە بازوویەکی بەهێز لە خۆپیشاندەرانیان دا و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، زیاتر لە 10 هەزار خۆپیشاندەر لەو ماوە کەمەدا کوژراون.
چەندین نموونەی مێژوویی ناسراو هەن کە سەرکردەکان بە ئەنقەست لە شوێنی گشتیدا دەرکەوتن- بە شەقامەکاندا دەڕۆیشتن، سەردانی بازاڕەکان، یان سڵاویان لە خەڵک دەکرد- بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە “هەموو شتێک ئاساییە”، تەنانەت کاتێک ڕژێمەکانیان نزیک بوو لە داڕمان. زۆرجار ئەمە بەشێکە لە پڕوپاگەندەی سیاسی، کە سەرکردەکان هەوڵدەدەن سەقامگیری و کۆنترۆڵکردن پڕۆژە بکەن بۆ هێورکردنەوەی خەڵک.
ڕۆژانێک گەیشتن بە بەرپرسانی ئێرانیی بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات، بەڵام ئێستا بەپێی خۆیان هاتوونەتە سەر شەقامەکان و ناڕاستەوخۆ بە خەڵک دەڵێن: پشتیوانمان بن. کەسێکی وەك مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە سواری ماتۆڕ و بەبی پاسەوان، بەنێو خەڵکیدا دەسوڕایەوە.
موعەمەر قەزافی – لیبیا (2011)
لە کاتی ڕاپەڕینی لیبیا لە ساڵی 2011، موعەمەر قەزافی، سەرۆکی لیبیا بە ئاشکرا لە تەرابلوس و شوێنەکانی دیکە دەرکەوت. میدیای دەوڵەتی وێنەکانی قەزافی نیشانی جیهان دەدا، کە سڵاو لە لایەنگرانی دەکات و بە ئۆتۆمبێلەکەی بەنێو شاردا دەڕوات، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە هێشتا وڵاتەکەی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدایەتی، بەڵام لە ڕاستیدا ڕژێمی لیبیا خەریکی داڕمان بو، هەروەها شەڕی ناوخۆ پەرەی سەندبوو. سەرئەنجام دوای 42 ساڵ قەزافی لە دەسەڵات لابرا و کوژرا.

سەدام حسێن – عێراق (2003)
لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، سەدام حسێن، سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق لە شەقام و بازاڕەکانی بەغدا دەردەکەوت. تەلەفزیۆنی عێراقی ئەو دیمەنانەی پەخش دەکرد، کە سەدام حسێن سەردانی گەڕەکەکان دەکات بۆ ئەوەی نیشانی بدات بەغدا ئارامە. لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا حکومەت داڕما و سەدامیش خۆی حەشاردا تا ئەو کاتەی دەستگیرکرا.

نیکۆلای چاوشێسکوو – ڕۆمانیا (1989)
پێش شۆڕشی ڕۆمانیا، نیکۆلای چاوشێسکوو، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەوڵی دەدا بە دەرکەوتن لە گردبوونەوە گشتییەکاندا کۆنترۆڵی خۆی و حکومەتەکەی بەسەر ڕۆمانیا نیشان بدات، تەنانەت لە بوخارێست وتارێکی بەرفراوانی پێشکەش کرد و ئیدیعای کرد وڵاتەکە سەقامگیرە.
جەماوەر لەکاتی قسەکانی نیکۆلا لەناکاو ڕاپەڕین و چەند ڕۆژێک دواتر ڕژێمەکەی داڕما و نیکۆلای چاوشێسکو لەگەڵ ژنەکەی دا لەسێدارەدران.

بەشار ئەسەد – سوریا (ناڕەزایەتییە پێشوەختەکانی 2011-2012)
لە سەرەتای ڕاپەڕینی سوریا، ئەسەد سەردانی شوێنە گشتیەکان و مزگەوتەکانی کرد. میدیاکانی دەوڵەتی سوریا وێنە و ڤیدیۆکانی بەشار ئەسەدیان نیشان دەدا کە بەناو خەڵکدا دەڕوات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناڕەزایەتییەکان سنووردارە. بەڵام زۆری نەخایاند وڵاتەکە کەوتە ناو شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەنەوە.

حوسنی موبارەک – میسر (2011)
لە سەردەمی شۆڕشی میسردا، موبارەک وتارەکانی پێشکەش کرد و پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە دۆخەکە سەقامگیرە و ناچێتە دەرەوە. حکومەت هەوڵیدا ژیانی ئاسایی لە قاهیرە نیشان بدات، بەڵام تەنها چەند هەفتەیەک دواتر ناڕەزایەتی جەماوەریی گەورەبوو، حوسنی موبارەک-یش ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە.

ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ – ئۆکرانیا (2014)
لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی یۆرۆمایدان، یانۆکۆڤیچ لە مەراسیمە گشتییەکان و بینا حکومییەکان دەرکەوت و ئیدیعای کرد کە حکومەت لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە. دوای ماوەیەکی کەم لە وڵات هەڵهات کاتێک حکومەت داڕما.






