
بەهۆی مانگی رەمەزان و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، هاتنی گەشتیار لە پارێزگاکانی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نزیک بووەتەوە لە سفر، بەڵام ئامادەکاری دەکەن و چاوەڕوانی گەشتیارن لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا. ئەگەر مانگی رەمەزان 30 رۆژی تەواو بێت، هەینی 20ـی ئادار یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێ. ئەگەر مانگەکە 29 رۆژ بێت، جەژن دەکەوێتە رۆژێک پێشتر.
زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر دەڵێت: “بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە هاتنی گەشتیار بە تەواوی کەمبووەتەوە، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە کە بۆ جەژن هیچ گەشتیار نەیەت”.
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر گوتیشی، زۆرینەی گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن؛ ئاماژەی بەوەشکرد: “لیژنەی جیاواز هەن و لە بازگەکان، هۆتێل، میوانخانە و چێشتخانەکان هەموو ئامادەکارییەک دەکەن بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی جەژن”.
ساڵانە لە بۆنەکاندا لیژنەی جیاوازی گەشتوگوزار، کۆمەڵەی میوانخانەکان و قایمقامییەتی شارەکان ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیاران دەکەن و لە بازگەکان رێنماییان پێ دەدەن. زیرەک بیا ئیلیا گوتی: “ئەوەی ساڵانی رابردوو کراوە ئەم ساڵیش دەکرێ”.
گۆران قادر، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی باسی لەوەکرد: “ئێمە پلان و ئامادەکاریی خۆمان بۆ جەژن دەکەین و سبەی وردەکارییەکان رادەگەیەنین، سەرەڕای هەبوونی جەنگ، پێشبینی هاتنی گەشتیار دەکەین”.
“گەشتیاری دەرەوەش نەیەت گەشتیاری نێوخۆمان دەبێ”
گۆران قادر گوتیشی، جەنگ کاریگەریی لەسەر چوونی گەشتیار بۆ سلێمانی هەبووە. ئاماژەی بەوەشکرد: “ئێستاش لە رووی ئارامی و ئەمنییەتەوە هەرێمی کوردستان ئارامترە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بۆیە چاوەڕوانی هاتنی گەشتیار بۆ جەژن دەکەین”.
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجەش دەڵێت: “گەشتیاری دەرەوەش نەیەت گەشتیاری نێوخۆمان دەبێ، چونکە کەشەکە لەبارە؛ جەژن و بەهارە و خەڵک دەچێتە دەرەوە”.
چیا قاسم گوتی: “بێگومان جەنگ کاریگەریی خۆی دەبێ و هەیبووە. پێش جەنگ هەفتانە نزیکەی 40 پاسی گەورە گەشتیار دەهاتە سنوورەکەمان، ئێستا بووە بە یەک پاس، بەڵام دیسانیش ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەین”.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵانە لە دۆخی ئاساییدا لە جەژنەکانی وەکو رەمەزان و قوربان، نزیکەی 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، کە زۆرینەیان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بوون.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2 هەزار و 500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاریی تۆمار کراون کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
بەهۆی جەنگەوە، لە 28ـی شوباتەوە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان داخراوە. سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: “دۆخەکە بەردەوام بێ، هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیاکان دەستپێدەکات”.
رێبوار ئازاد، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان باس لەوەدەکات: “لە دەستپێکی جەنگەوە یەک تیکت نەفرشراوە، چونکە ئاسمان داخراوە، بەهۆیەوە زیانمەندی یەکەم کۆمپانیا گەشتیارییەکانن، بەهۆی جەنگەوە گەشتیار بووەتە سفر. یەک گرووپی گەشتیاریمان نەماوە بۆ دەرەوە و هاوکات هیچ گرووپێکی گەشتیاریمان لە دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەماوە”.
رێبوار ئازاد گوتی، کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان “زیانی زۆر”یان بەرکەوتووە، ئەوەش بەهۆی جەنگ و داخرانی ئاسمانەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: “دۆخی کۆمپانیاکان زۆر خراپە، چونکە لەگەڵ نەبوونی گەشتیار، تێچووی بەڕێوەبردنیان زۆرە”.
سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەڵێ، بەهۆی داخرانی ئاسمانەوە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کۆمپانیایەکی گەشتیاری داوای هەڵوەشاندنەوەی نەکردووە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەردەوام دەبێ “هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیاکان دەستپێدەکات”.





