
موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی ئێستا لەشوێنی باوکی ڕابەری باڵای ئێرانە، بەڵام نە دەنگ نە ڕەنگی تا ئێستا دەرنەکەوتووە، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) بەدوای کۆمەڵێک زانیاریی پەیوەست بە پەیوەندی موجتەبا لەگەڵ باوکی گەڕاوە و گەیشتووەتە ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر.
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتەیان لە زانیارییە بەدەستهاتووەکان ئاگادار کردووەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن، عەلی خامنەیی گومانی هەبووە لەوەی موجتەبای کوڕی بتوانێت جێگەی بگرێتەوە و گومانەکەش لەدەوری زیرەکی و توانای سەرکردایەتی وڵاتەکەی خولاوەتەوە.
هەفتەیەک بەسەر دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی ڕابەری باڵای نوێی ئێران وەک جێنشینی باوکی تێپەڕیوە، بەبێ ئەوەی لە هیچ وتارێکی ئاشکرادا دەربکەوێت، جگە لە نامەیەکی نوسراو، کە چاودێران بە پشتڕاستکردنەوەی کۆنترۆڵی سوپای پاسداران بەسەر دەسەڵاتەکەیدا دەیبینن. لە هەمان کاتدا، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا زانیارییان پێشکەش بە ترەمپ و یاریدەدەرەکانی کردووە دەربارەی موجتەبا و لەزانیارییەکاندا باس لەوەکراوە: زموجتەبای تەمەن 56 ساڵ لە ژیانی تایبەتی خۆیدا تووشی کێشە بووە، بەڵام سروشتی ئەو کێشەیە ڕوون نەکراوەتەوە کە ئایا پەیوەندییان بە چوار گەشتەکەی ڕێبەری نوێوە بۆ بەریتانیا بۆ چارەسەری نەزۆکی هەیە یان نا. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی نهێنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2008، کوڕەکەی خامنەیی لە ژێر فشاری خێزانەکەیدا بووە بۆ ئەوەی منداڵی ببێت، پێش ئەوەی چارەسەرەکە ببێتە هۆی لەدایکبوونی یەکەم کوڕی.
لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژی هەینیدا، ترەمپ بە ئاشکرا ئاماژەی بەوە کرد کە عەلی خامنەیی متمانەی بە کوڕەکەی نییە و گوتی “ئەمە کەسێکە کە باوکی تەنانەت نەیدەویست سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بکات و پێشتر بە لاواز وەسفی کردبوو”.
لوتکەی ناکۆکییەکانی خامنەیی و کوڕەکەی ئەوکاتە بووە، کە لە جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران دا، موجتەبا جێگرەوەیەکی سێ کەسیی خستووەتە بەردەم باوکی، بەڵام خامنەیی ڕەتیکردوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران کە لە 88 ئەندام پێکهاتووە لە دۆخێکی تەموومژاویدا کوڕەکەی خامنەیی وەک ڕابەری باڵا هەڵبژارد، ڕۆیتەرز-یش دەڵێت: سوپای پاسداران گوشاریان خستووەتە سەر ئەندامانی ئەنجومەنەکە بۆ هەڵبژاردنی موجتەبا، سەرەڕای دابەشبوونی بۆچوونەکانیان لەبارەی موجتەباوە.
بەدەست کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنێت
گومانەکانی عەلی خامنەیی سەبارەت بە توانای کوڕەکەی بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، دەتوانرێت بە نەبوونی کاریزمای موجتەبا و توانای پێشکەشکردنی وتاری بەجۆش و خرۆش ڕوون بکرێتەوە، کە خامنەیی باوک پێیوایە بۆ بەردەوامی پێگەی ئایدۆلۆژی شۆڕشی ئێران کە بە دوژمنایەتی بەرامبەر ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و کێبڕکێی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەناسرێت، ئەو سیاسەتی کارکردنە گونجاوترینە. هەر لەبەر ئەم هۆیە، خامنەیی پەرۆش بوو بۆ پێشکەشکردنی وتاری ئاگرین و دەرکەوتنی بەردەوامی لە بۆنە حکومییەکاندا.
تا ئێستا، موجتەبا تەنها لە ڤیدیۆیەکی 30 چرکەیی دا دەرکەوتووە، کە پێدەچێت لە ساڵی 2024 وێنە گیرابێت، تێیدا هەڵوەشاندنەوەی وانە ئاینییەکانی ڕاگەیاندووە کە لەسەر ئینتەرنێت پێشکەشی دەکات و ئاماژەی بەوەدا، کە هەڵوەشاندنەوەکە لەوانەیە کاتی یان هەمیشەیی بێت، بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی ڕوون بکاتەوە. لەو کاتەوەی دەستبەکار بووە، لە هیچ ڤیدیۆیەکدا دەرنەکەوتووە.
سەرەڕای لاوازی توانای وتاربێژیی، حەسەن شەریعمەداری سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئاماژە بە هۆکارێکی تر دەکات بۆ خۆدزینەوە لە دەرکەوتنی میدیایی لەلایەن موجتەبا خامنەییەوە، ئەو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای سعودیی ئاماژەی بەوەدا، سەرکردەی نوێ کێشەی دەروونی هەیە و بەرەو گۆشەگیری دەڕوات، چونکە هەرگیز لە ژیانیدا یەک وتاری پێشکەش نەکردووە و لە بۆنە گشتییەکاندا دەرنەکەوتووە.
شارەزایان بۆچوونیان وایە، موجتەبا لە کۆتاییدا ڕۆڵی سەرکردە دەگێڕێت نەک سەرکردەی باڵا، واتە مەودای مانۆڕەکانی هەمیشە بە حساباتی “سوپای پاسداران” بەڕێوە دەچێت، نەک بە توانا و لێهاتوویی خۆی.
بە لەبەرچاوگرتنی فاکتەرە شەخسی و دەروونییەکان، شەریعەتمەداری دەڵێت ئەگەر خامنەیی بچووک لە هەوڵی کوشتن ڕزگاری ببێت ئەوا دەبێتە بوکەشووشەیەک لە دەستی ئەندامانی سوپای پاسداران، کە ئەویان گەیاندوەتە پۆستەکەی، پێم وانییە لە ماوەی داهاتوودا شاهیدی بوونی کەسێکی زۆر ناسراو لەم پۆستەدا بین. من لەو باوەڕەدام کە بە دەستنیشانکردنی موجتەبا سەردەمی ویلایەتی فیقهـ کۆتایی هاتووە.
زیندووە؟ مردووە؟ یان شێواوە؟
دوای پشتڕاستکردنەوەی برینداربوونی لەو هێرشەی کە باوکی تیایدا کوژرا، موجتەبا خامنەیی نامەیەکی نوسراوی بڵاوکردەوە، کە بە هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی هاوسۆزیی و بەدرۆخستنەوەی دەنگۆی کوژرانی دادەنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامادەنەبوونی لەتۆمارێکی ڤیدیۆییدا، گومانەکانی قوڵتر کردەوە سەبارەت بە سەختی برینەکانی و ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەو بەڕاستی فەرمانڕەوایی ئێران دەکات یان نا.
یەکێک لە هۆکارەکان بۆ خۆبەدورگرتنی لەدەرکەوتن ئەوەیە؛ لە ترسی ئەوەی شوێنەکەی ئاشکرا ببێت و بکرێتە ئامانج. لەگەڵ ئەوەشدا، دەرکەوتنی ئاشکرای سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان و عەلی لاریجانی کە بە فەرمانڕەوای ڕاستەقینە لە شەقامەکانی تاران وەسف دەکرێن، ئاماژە بە لاوازی ئەم گریمانەیە دەکات، چونکە دەرکەوتن لە ڤیدیۆیەکی تۆمارکراودا لە پیاسەکردن لەسەر شەقام مەترسیدارتر نییە.
گریمانەیەکی تر ئەوەیە کە برینەکانی کوڕەکەی خامنەیی سەختن و باری تەندروستی ناهێڵێت بە ئاشکرا دەربکەوێت، بەتایبەتی کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شکان لە قاچی و ڕووشانی دەموچاویدا هەیە. ڕۆژی هەینی رابردوو، وەزیری جەنگی ئەمەریکا پیت هیگسیت گوتی: زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لەوانەیە موجتەبا تووشی شێواندنی دەموچاو بووبێت.
بەرپرسانی ئەمریکی و ئێرانی بە ئاشکرا ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ڕابەری باڵای نوێ بریندار بووە، بەڵام (سی بی ئێس) بڵاویکردەوە کە ترەمپ لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ نزیکەکانی گوتوویەتی “لەوانەیە کوڕەکەی خامنەیی کوژرابێت”، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “ئێران لە ئێستادا هیچ سەرکردایەتییەکی نییە”، ئەمەش گومان دروست دەکات سەبارەت بەوەی کە ئایا ڕێبەری باڵا ماوە یان نا. کۆشکی سپی لەو باوەڕەدایە کە “سوپای پاسداران” لە ئێستادا کۆنترۆڵی ئەو وڵاتەی کردووە، ئەمەش گۆڕانێکی گەورەیە لە سروشتی ئەو رژێمە ئایینییەی کە لە شۆڕشی 1979 ەوە حوکمی ئێرانی گرتووەتە دەست. لەگەڵ زیادبوونی پێشبینیەکان سەبارەت بە چارەنووسی ڕێبەری باڵای نوێ، حکومەتی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی خەڵاتێکی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار ڕاگەیاند بۆ زانیاری لەسەر شوێنی موجتەبا و نۆ بەرپرسی باڵای دیکەی ئێرانی.





