
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، عێراق کەوتە قەیرانێکی ئابووری سەختەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران داخستنی گەرووی هورمزیان ڕاگەیاند. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئابووری عێراق لە سەدا 90 پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و ئەم هەنگاوە دەبێتە شۆکێکی ڕاستەوخۆ بۆ بودجەی نیشتمانی و ئەدای بازاڕە ناوخۆییەکان.
ئێران ئەو هەڕەشەیەی جێبەجێ کرد کە پێشتر ئاماژەی پێکردبوو ئەویش داخستنی گەرووی هورمز بوو، گەرویەک نزیکەی پێنج یەکی نەوت و گازی سروشتی شل دەگوازێتەوە. ئەم هەنگاوە کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی 2026 ەوە بۆ سەر خاکی ئێران دەستیانپێکردووە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 14 ی ئاداردا ڕایگەیاند، ئەمریکا لەگەڵ کۆمەڵێک وڵات هەماهەنگی دەکات بۆ پاراستنی گەرووی هورمز، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو وڵاتانەی سوودمەند دەبن لە دابینکردنی نەوت لە گەرووی هورمز، دەبێت بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە لە ئەستۆ بگرن.
بەڵام موجتەبا لەیەکەم پەیامی دوای هەڵبژاردنی وەك ڕابەری باڵا بە ڕوون و ڕەوانی گوتی: گەرووی هورمز بەڕووی هیچ وڵاتێکدا ناکرێتەوە کە دەیەوێت زیان بە ئێران بگەیەنێت” ئەوەش پەیامی یەکلاکەرەوە بوو بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران و خوێندنەوەی پشت پەیامەکە دەڵێت: هەرکەس فشاری لەسەر گەروی هورمز دروستکرد لێی بدەن.
لە نێو ئەو شڵەژاوەییەی گەرووی هورمزدا، عێراق بەرهەمی نەوتی لە 4.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل کەم کردووەتەوە، بۆ ئەوەی پێداویستی پاڵاوگە ناوخۆییەکان دابین بکات، دۆخی هەناردەی نەوت لە عێراق بە کردار گەیشتووەتە قۆناغی سفر. جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت حەیان عەبدولغەنی پلانی جێگرەوەی بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ئەگەری وەستانی هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمز ئاشکرا کرد و جەختیکردەوە کە بۆری کەرکووک – تورکیا لە ماوەی هەفتەیەکدا ئامادە دەبێت بۆ کارکردن. عەبدولغەنی لە 16 ی ئاداردا گوتی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە عێراق نزیکەی 4.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو بەپێی ئەو پشکەی ئۆپێک دیاری کردبوو، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق چەند ڕۆژێک دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا.
ئەوەشی خستەڕوو کە هێڵی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکوک کە توانای 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەیە، لە ئێستادا لە پشکنینی کۆتایی و شیاوکردندایە و تەنیا 100 کیلۆمەتر ماوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی هایدرۆستاتیک لە ماوەی هەفتەیەکدا، کە ڕێگە دەدات نەوت بێتە ناو بۆریەکە بەبێ ئەوەی بە هەرێمی کوردستاندا تێبپەڕێت. بەڵام دواتر هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە بۆری نەوتی کوردستانەوە.
ڕۆژانە زیانی دارایی عێراق بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتەوە، بە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت کە دەکاتە نزیکەی 6 ملیار دۆلاری مانگانە، ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتی دەوڵەت هەیە و هەڕەشە لە توانای حکومەت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پابەندییە داراییەکانی تری پەیوەست بە بودجەی دەوڵەت دەکات.
ئەو زیانە ئابوورییەی عێراق بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە توشی دەبێت زۆر گەورەترە لە کاریگەری شەڕەکە لەسەر خودی ئێران، بەتایبەتی کە ئابووری عێراق بەتەواوی پشت بە نەوت دەبەستێت، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و گاز و وڵاتەکەش بنکەیەکی پیشەسازی و کشتوکاڵی بەهێزی نییە.
ئێران سەرچاوەیەکی کشتوکاڵی و پیشەسازی گەورەی هەیە و پێویست ناکات هەموو پێداویستییەکانی وەک عێراق هاوردە بکات، ئەمەش وادەکات عێراق بە قۆناغێکی مەترسیداردا تێبپەڕێت، بەتایبەتی کە کۆمپانیاکانی نەوت شوێنەکانیان جێدەهێڵن و بۆ دەستپێکردنەوە بە کارکردن و گەڕانەوە بۆ ئاستی پێشووی بەرهەمهێنان، کاتێکی زۆری دەوێت.
شارەزایان چارەسەرەکانی بەرپرسانی عێراق بۆ زیادکردنی هەناردەکردن بە “پینەکردن” وەسف دەکەن و ئاماژە بە پێشنیازی بەکارهێنانی تانکەر بۆ گواستنەوەی نەوت یان پشت بەستن بە بۆری جەیهانی تورکی دەکەن، بەڵام و ئەم ڕێوشوێنانە ئەگەر سەرکەوتوو بن لە باشترین حاڵەتدا یەک ملیار دۆلار بۆ عێراق دابین دەکەن.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشبینی کرد ئەگەر داخستنی ئەو ڕێڕەوە دەریاییە گرنگە بەردەوام بێت، لە ماوەی دوو مانگدا کاریگەری ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمز، لەسەر ئابووری عێراق دەست پێدەکات.
ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد کە کاریگەرییەکە لە مانگی پێنجەم یان شەشەمدا دەست پێدەکات، لەوانەیە حکومەت ناچار بکات قەرزی ناوخۆیی بکات بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و پابەندبوونی دەرەکی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سالم جومەیلی سیاسەتمەدار و بەرپرسی پێشووی بەشی ئەمریکا لە دەزگای هەواڵگری عێراقی، لە 15 ی ئازاردا لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس دووپاتی کردەوە “ئێران نوێنەرایەتی قوڵایی ستراتیژی شیعەکان دەکات لە دەسەڵاتی عێراقدا، بۆیە ڕێگری لەهەناردەکردنی نەوتی عێراق دەکات و دەبێتە هۆی داخستنی کێڵگە نەوتییەکان بۆ ماوەی کەمتر لە دوو هەفتە”.
جومەیلی ڕوونیکردەوە کە ئەم ڕاوەستانە زۆرەملێیە، کارەساتی تەکنیکی و ئەندازیاری لە عەمبارەکانی نەوت لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای دەرهێنان لە داهاتوودا و زەحمەتی زۆر لە دەستپێکردنەوەی بیرەکان بە کارایی پێشوویان و لە ئەنجامدا زیانی ئابووری گەورە بە دەوڵەت دەگەیەنێت و لەمەودای درێژخایەندا کێشە بۆ پشکی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروستدەکات.





