ئەو سێ وڵاتەی ئێران ناوێرێت هێرشیان بکاتەسەر

هۆرڤان رەفعەت

ئێران، دوو هەفتەیە بە راست چەپدا هێرش دەکاتەسەر (هەرێمی کوردستان، کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات و جار جاریش سعودیە) بە بیانوی بوونی بنکەی ئەمریکی لەو وڵاتانە و لێدان لە بەژروەندییەکانی ئەمریکا، بەڵام بەرامبەر، تورکیا، ئازەربایجان،پاکستان بێدەنگە.

لەکاتێکدا، لە تورکیا گەورەترەین دوو بنکەی سەربازی ئاسمانی ئەمریکا (بنکەی ئاسمانی ئینجیرلیک (Incirlik Air Base) کە یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، کە تەنانەت چەکی ئەتۆمی تاکتیکی ئەمریکاشی تێدایە، هەروەها، بنکەی ڕاداری کورەجیکی (Kürecik Radar Station) هەیە، کە ئەرکی تایبەت پاراستنی ئاسمانی ئیسرائیلە لە موشەکە دوورهاوێژەکان.

ئازەربایجان: یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلە، گەورەترین بنکەی هەواڵگری مۆساد لە ئازەربایجانە.
بەشێکی زۆری چەک و درۆنەکانی ئازەربایجان (وەک درۆنی هارۆپ) لە ئیسرائیل دەکڕێت.

زۆرێک لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەمیشە گوتوویانە ئیسرائیل بنکەی گوێگرتن و چاودێری لەسەر سنوورەکانی ئێران و ئازەربایجان هەیە.

پاکستان: گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بە هاوپەیمانی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆی ئەمریکا (Major Non-NATO Ally) ناسراوە و ساڵانە ملیۆنان دۆلار هاوکاری سەربازی لە ئەمریکا وەردەگرێت، ئەمە جگە لە بوونی باڵیۆزخانەیەک لە ئیسلامئاباد و سێ کونسوڵخانە لە شارەکانی (کەرایچی، لاهور، و پێشەوەر).

کەچی ئێران ناوێرێت بە وشەیەک باسی تورکیا و ئازەربایجان و پاکستان بکات و هێرشبکاتە سەریان، لەکاتێکدا ئەوانیش وەکو وڵاتانی کەنداو و زۆر زیاتریش پەیوەندیان لەگەل ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە.

ئەگەر لەرۆژانی رابردوو، ئێران موشەکێکیشی گرتبێتە ئەم وڵاتانە 10 جار داوای لێبوردنی کردووە و وتوویەتی بە هەڵەبووە یان ئێران نەبووە.

نەشیوێراوە هیچ هێرشێک بکاتە سەر باڵێۆزخانە و کونسوالخانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو وڵاتانە، کەچی هەموو رۆژێک باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و و کوەیت و بەحرەین و سعودیە، بەر مووشەک و درۆن ئەدات.

بەرەی ئێران لە عێراق بە هەمان جۆر؛ میلیشیا بەکرێگیراوەکانی بەرەی مقاوەمەی “ئیسلامی” عێراقی، دوو هەفتەیە بەهەمان جۆری ئێرانی (باوەگەورەیی ماددی و مەزهەب)ییان بە درۆن کەوتووەنەتە گیانی (هەرێمی کوردستان و کوەیت و قەتەر و بەحرەین).

سووریا: ئەو وڵاتە لەتەنیشتیی عێراقە و بنکەکانی ئەحمەد شەرعی دۆستە نوێکەی ئیسرائیل 100 مەتر لە حەشدی شەعبی دوورن لەسنوورەکانی رەبیعە و قائیم، کەچی یەک وشەشیان پێنەوتوون و هێرشیان نەکردووەتە سەریان.

هەروەها هەرسێ بنکەی “ئەلتەنەف” لەسەر سنووری عێراق ئوردن، و بنکەی “خەراب ئەلجیر” و “ئەلعومەر” لە ڕۆژهەڵاتی سووریایە، کەچی، میلیشیاکانی بەرەی مقاوەمەی هەتا ئێستا نەیانوێراوە یەک درۆن بنێن بە سووریاوە.

بەرەی ئێران لە لوبنان؛ حزبوڵای لوبنانی کە هاو فیکری ئێرانە، هەرچەندە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و زیاتر کە 40 سەرکردە و هەزاران چەکداریان، داوایەکی زۆریان کرد تا ئیسرائیل ئاگربەست رابگەێنێت.

دوای ئاگربەست ئێستا دووبارە بوونەتەوە گرفت بۆ گیانی مسوڵمان و مەسیحییە لوبنانییەکان و دەستیان کردووەتەوە بە هێرش لەسەر داوای ئێران، بۆ سەر ناوچە جوو و مسوڵمان نشینەکانی ئیسرائیل و کەرتی رۆژئاوا و بە درۆن هێرش دەکەنە سەریان.

لەکۆتاییدا، ئەمە ڕاستی ئەو جەنگەیە کە ئێران و میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا دەستیان پێکردووە، ئەوان نایانەوێت ئەمریکا و ئیسرائیل دەربکەن، بەڵکو ئامانجی ڕاستەقینەیان تەنها تێکدانی سەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی کوردستانە، تا لەو ڕێگەیەوە هەژموونی مەزهەبی و سیاسیی خۆیان بسەپێنن، هەرچەندە باجەکەشی تەنها خەڵکی سڤیلی ناوچەکە بیدات.

 

Back to top button